رووداو دیجیتاڵ
دوای شەش یاریی بەبێ بردنەوە لەسەر ئاستی خولی عێراق، یانەی هەولێر بەدوای بردنەوەیەکی دیکەدا دەگەڕێت و لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر یانەی جوڵان یاریی دەکات.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 15ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق کاژێر 17:00 یانەی هەولێر لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر یانەی جوڵان یاریی دەکات، بە ئامانجی ئەوەی زیاتر لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە دوورنەکەوێتەوە.
یانەی هەولێر دوای یەکسانبوونی لە جامی کەنداو، نەگەڕایەوە هەولێر و راستەوخۆ بۆ یارییەکەی بەرامبەر جوڵان بەڕێکەوت.
یانەی هەولێر رایگەیاند، سزای سەر یانەکە راگیراوە و ئەمڕۆ میولێن ناتان، هێرشبەری یانەکە دەتوانێت یاریی بکات و لە یاریی داهاتووی یانەکەشدا کە لە یاریگای خۆی دەکرێت بەرامبەر یانەی زەورا، هاندەران دەتوانن لە یاریگا ئامادەبن.
لیژنەی پێداچوونە بە سزاکان، راگەیێنراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "راگرتنی کاتیی جێبەجێکردنی ئەو سزایانەی لە بڕیاری پێداچوونەوەکەدا هاتوون، تا ئەو کاتەی دۆسیە و بەڵگە سەرەتاییەکان دەگەن، بە مەبەستی وردبینیکردن و گفتوگۆکردن لەسەریان. پەیوەندیکردن بە لیژنەی رێککاریی و رەوشتەوە بە مەبەستی ناردنی دۆسیەی تێهەڵچوونەوەکەی و سەرجەم بەڵگە سەرەتاییەکانی تایبەت بە بابەتەکە، تاوەکو بتوانین بڕیاری گونجاو بدەین.
یانەی هەولێر ئێستا لە پلەی هەشتەمی ریزبەندی خولی عێراقە، 5 بردنەوەی هەیە، 6 یەکسانبوون و 3 دۆڕانی هەیە، خاوەنی 21 خاڵە، یانەی جوڵان لە پلەی شەشەمی ریزبەندە، بە 6 بردنەوە، 5 یەکسانبوون و 3 دۆڕان.




