رووداو دیجیتاڵ
شکستی ریال مەدرید بەرامبەر دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک، تەقینەوەی جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری تیپەکەی بەدوای خۆیدا هێنا، پاشئەوەی رەخنەی لە ناوبژیوانی یارییەکە و یاریزانانی تیپەکەی گرت.
مۆرینیۆ هاوکات دانی بەبەرپرسیارێتی خۆی لە شکستەکەدانا، هۆکاری گۆڕانکارییەکانیشی روونکردەوە.
لە کۆنگرەی رۆژنامەنووسی دوای یارییەکە، مۆرینیۆ باسی لە هەڵبژاردەی پێکهاتەکەی کرد، دووپاتیکردەوە کە سرووشتی یارییکردنی ئالاڤێس، ئەوی ناچارکردووە بەشوێن چارەسەری جیاوازدا بگەڕێت، پاشئەوەی رووبەڕووی تیپێک بووەوە کە هێندەی هەوڵی دۆخگۆڕینی راستەوخۆ و هێرشی دەدا، هێندە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی تۆپی نەدەدا.
مۆرینیۆ دەڵێ، ئەو شێوازی یارییکردنە ئەرکی گەیشتنی ریال مەدریدی بۆ ناوچەی سزای تیپی بەرامبەر قورسکرد، لەبەرئەوەی رووبەریان بەیاریزانانی یانەکە نەدەدا.
ئەو روونیکردووەتەوە، نەبوونی هێرشبەری پێویست لەنێو ناوچەی سزای تیپی بەرامبەر، وایلێکردووە بیر لە بەشداریکردنی ئێسپی بکاتەوە، لەبەرئەوەی پێیوابووە ئەو توانای چارەسەکردنی کێشەکەی هەیە.
ئەو هەروەها هۆکاری هێشتنەوەی ڤینیسیۆسی لە یاریگادا بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە، ئاردا گولەر و بێرناردۆ سیلڤا، هەمان رۆڵیان لە یاریگادا هەیە.
مۆرینیۆ دەڵێ، لە نێوان ڤینیسیۆس و ئاردا گولەر، دەبوو یەکێکیان هەڵبژێرم، چونکە ئەرکی ئاردا و بێرناردۆ لە یاریگادا وەکو یەکە و دەتوانن هەمان کاربکەن، بۆیە ئاردام بردە دەرەوە.
لە شیکردنەوەی بۆ هۆکاری ئەنجامنەدانی گۆڕانکاریی فراوانتر لە پێکهاتەکەیدا، ئەو گوتوویەتی، یاریزانانی ریال مەدرید، بەپێی پێویست چالاک دەرنەکەوتن، بەڵام ئەو نەیویستووە بەیەکجار ژمارەیەکی زۆر گۆڕانکاری بکات، لەترسی ئەوەی ئەوە کاریگەری لەسەر هاوسەنگیی تیپەکە و پەیکەربەندییەکەی دروست بکات.
مۆرینیۆ هەروەها قسەی لەبارەی ناوبژیوانەوە کردووە و رەخنەی ئاراستەی کردووە، دەڵێ ئەو چاوپۆشی لە هەڵەکان و بەفیڕۆدانی کات کردووە. گوتوویەتی، ئەو چاوپۆشی لەو بنەمایەش کرد کە دەبێ کارتی سووری راستەوخۆ بداتە هەر ئەندامێکی یەدەگی تیپەکان، کاتێک تۆپ هەڵدەدەنە نێو یاریگاوە بۆ کات کوشتن، چونکە وەک مۆرینیۆ دەڵێن، ئەوان چەند جارێک ئەو کارەیانکرد.
راهێنەرە پۆرتوگالییەکە، لە هێرشکردنە سەر ناوبژیوانەکە بەردەوامبووە و زیاتر دەڵێ، هەمان ناوبژیوان وەرزی رابردوو ئێمباپێی دەرکرد، دواتر ڤینیسیۆس و ئەمجارەش بێلینگهام، لەوانەیە لە داهاتوودا، کۆرتوا بەهەمان دەرد ببات.
مۆرینیۆ وایداناوە کە ناوبژیوانەکە، حەزی لە پێشاندانی دەسەڵاتی خۆی و خۆدەرخستن وەک هۆڤ بووە. بەڵام دووپاتیشی دەکاتەوە کە تیپەکەی بەهۆی ناوبژیوانەوە نەدۆڕاوە، بەڵکو بەهۆی هەڵەکانی خۆیەوە.
مۆرینیۆ هەروەها هەڵوەستەی لەسەر دەرکردنی جود بێلینگهام کردووە و روونیکردووەتەوە، ئەو پێیوایە یاریزانەکەی لەنێو هێڵی سزادا فاوڵی لێگیراوە، بۆیە شایستەی ئەوەنەبوو بەکارتی سوور و بەبیانووی خۆنواندنەوە، دەربکرێت.
راهێنەری ریال مەدرید، هەروەها رەتیکردووەتەوە تووڕەبوونی ئاردا گولەر، لە دوای دانیشاندنی بەکێشە ناوببات، ئەو دەڵێ، بەپێچەوانەوە ئەوە پۆزەتیڤە و دووپات لە ویستی یاریزانەکە بۆ یارییکردنی بەردەوام دەکاتەوە، دووپاتیکردووەتەوە هەموو یاریزانێک دەبێ کاتێک دادەنیشێنرێ، هەست بەبێزاری و تووڕەیی بکات.




