رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا (یوفا) بەهۆی سەرپێچی و هەڵسوکەوتی هاندەرانیان لە پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکاندا، سزای دارایی بە کۆی گشتیی 94 هەزار و 500 یۆرۆی بەسەر چوار یانە دیارەکەی تورکیادا سەپاند.
بەپێی بڕیاری دەستەی تەمبێکردنی یوفا، یانەکانی گەڵاتەسەرای، بێشیکتاش، ترابزۆنسپۆر و فێنارباخچە بەهۆی دروستکردنی پشێوی، داگیرساندنی مەشخەڵ و فڕێدانی تەنی نامۆ بۆ نێو یاریگا لە کاتی یارییەکانی ئەم وەرزەی پاڵەوانێتییەکاندا، رووبەڕووی سزای دارایی بوونەتەوە.
لەنێو یانە سزادراوەکاندا، یانەی گەڵاتەسەرای زۆرترین سزای بەسەردا سەپێنرا کە بڕەکەی 38 هەزار و 375 یۆرۆیە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی هاندەرانی یانەکە لە یارییەکانی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر لیل و شتوتگارت مەشخەڵیان داگیرساندووە، تەنی نامۆیان فڕێداوەتە نێو یاریگا و زیانیان بە یاریگاکان و رێکارە میدیاییەکان گەیاندووە. هاوکات یانەی بێشیکتاش بەهۆی سەرپێچیی هاوشێوەی هاندەرانی لە یارییەکانی یۆرۆپالیگ بەرامبەر هۆفنهایم و کریستاڵ پاڵاس، بە 21 هەزار و 125 یۆرۆ غەرامە کرا.
لە لایەکی دیکەوە، یانەی ترابزۆنسپۆر لە خولی کۆنفرانس لیگدا بەهۆی داگیرساندنی مەشخەڵ و فڕێدانی تەنی نامۆ بۆ نێو گۆڕەپانی یاریگا لە رووبەڕووبوونەوەکانی بەرامبەر فرایبۆرگ و هارتس، بە 19 هەزار و 500 یۆرۆ سزادرا. یانەی فێنارباخچەش لە چامپیۆنزلیگدا بەهۆی تێکدانی کەشی یاری و زیانگەیاندن بە یاریگا، بە بڕی 15 هەزار و 500 یۆرۆ رووبەڕووی غەرامە بووەوە، تاوەکو کۆی گشتیی سزای سەر یانەکانی ئەو وڵاتە بگاتە 94 هەزار و 500 یۆرۆ.




