رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی، پیرۆزبایی لە بادین حەسۆ، پاڵەوانی کورد دەکات و دەڵێت "جێگەی شانازییە گەنجان و لاوانی کورد ناوی کورد و کوردستان بە جیهان دەناسێنن".
سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا، کە لەلایەن بارەگای بارزانییەوە بڵاوکراوەتەوە، پیرۆزبایی ئەو بردنەوەیە لە یاریزانە کوردەکە دەکات کە لە وڵاتی ئەڵمانیا، لە یاریی کیک بۆکسینگ (INTERNATIONAL WBC) بەدەستیهێنا.
دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی
سەرۆک بارزانی، پیرۆزبایی لە بادین حەسۆ، پاڵەوانی کورد دەکات و دەڵێت "پیرۆزبایی لە پاڵەوانی کورد (بادین حەسۆ) دەکەم کە توانی لە وڵاتی ئەڵمانیا لە پاڵەوانێتی (INTERNATIONAL WBC)ـدا سەرکەوتن تۆمار بکات و سێیەمین پشتوێن بەدەست بهێنێت. دەستخۆشیی لێ دەکەم و هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ دەخوازم. جێگەی خۆشحاڵی و شانازییە گەنجان و لاوانی کورد لە گۆڕەپانە نێودەوڵەتییە وەرزشییەکاندا سەرکەوتنی گەورە بەدەست دەهێنن و ناوی کورد و کوردستان بە جیهان دەناسێنن.
بادین حەسۆ زۆزانی، ئەستێرەی کورد لە یاریی کیک بۆکسینگدا، سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و پشتێنی (WBC)ـی بردەوە.
لە ئوبەرهاوسنی ئەڵمانیا، بادین حەسۆ، بەرامبەر ڤیکتۆر ڤیسێنتی کۆریای مەکسیکی یارییکرد و جارێکی دیکە توانا و ئاستبەرزیی خۆی لە یارییەکەدا دووپاتکردەوە و بووەوە پاڵەوان.
بادین حەسۆ بەهێزەوە رووبەڕووی رکابەرەکەی بووەوە، بۆکسەکانی بۆکسێنەرە کوردستانییەکە هێندە بەهێزبوون، یاریزانە مەکسیکییەکە نەیتوانی سێ خولەکیش خۆی رابگرێت و بادین یارییەکەی لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە.
لەگەڵ بردنەوەی یارییەکە و بەدەستهێنانی پشتێنەکە، دەنگی دەهۆڵ و زۆڕنا هۆڵەکەی پڕکرد، هەمووان بە ناوی یاریزانەکەوە هاواریان دەکرد، ناوبژیوان دەستی بادین حەسۆی بەرزکردەوە و بۆکسێنەرەکەی شێخانی باشووری کوردستان بووە پاڵەوان و دەستکەوتێکی دیکەی گرنگی لە کاروانی یارییکردنی خۆیدا بردەوە.
بادین حەسۆ 23 یاریی بۆکسێنی کردووە، سەرجەم یارییەکانی بردووەتەوە و تاوەکو ئێستا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە.
دوای یارییەکە و بەدەستهێنانی ئەو پشتێنە، بادین حەسۆ قسەی بۆ رووداو کرد و دڵخۆشیی خۆی بەبردنەوەی یارییەکە پێشاندا، گوتی "ئەم قایشە پێشکێشە بە سەرۆک بارزانی، هەموو پێشمەرگە و ماڵباتی شەهیدان، سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی پاڵپشتییان کردم لە یارییەکەدا".

