رووداو دیجیتاڵ
ئینریکێ ریکێلمی، بەربژێری سەرۆکایەتیی یانەی ریال مەدرید، لە کاتی کردنەوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی لە بەرامبەر یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ، هێرشێکی تووندی کردە سەر کارگێڕیی فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکە و رەخنەی لە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی یاریگاکە و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەندامانی یانەکە گرت.
ریکێلمی لە لێدوانێکیدا کە رۆژنامەی 'ئەی ئێس'ی ئیسپانی گواستوویەتیەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو چاکسازییانەی لە بێرنابیۆ کراون، لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی هاندەرانی مەدرید نین، سەرەڕای ئەوەی تێچووەکەی گەیشتووەتە 1.7 ملیار یۆرۆ.
ئەو بەربژێرە بە تەنزەوە گوتی "کورسییەکان بچووکتر بوونەتەوە و زۆر لەیەکەوە نزیکن، بە جۆرێک دەبێت 10 خولەک پێش کۆتایی هاتنی نیوەی یەکەم کورسییەکەت بەجێبهێڵیت، تاوەکو بتوانیت خواردنەوەیەک یان لەفەیەک بکڕیت.. ئایا ئەمەیە ئەو چاکسازییەی بە 1.7 ملیار یۆرۆ ئەنجامدراوە؟".
ریکێلمی جەختی لەوەش کردەوە کە ئەندامانی یانەی ریال مەدرید، ئێستا پەراوێزخراوترین توێژن و بەڵێنی دا لە رێگەی پڕۆژە نوێیەکەیەوە شکۆ بۆ ئەندامان بگەڕێنێتەوە، کە بە گەورەترین پڕۆژە لە مێژووی 120 ساڵەی یانەکە ناوزەندی کرد.
سەبارەت بە مێژووی یانەکەش، ریکێلمی پەیامێکی ئاراستەی پێرێز کرد و گوتی "ئێمە رێز لە میراتی یانەکە دەگرین، بەڵام تەنیا ئەو 7 نازناوەی چامپیۆنزلیگ نا کە لەسەر هەندێک پۆستەر دەردەکەون، 8 نازناوەکەی دیکەش بەشێکن لە مێژووی ریال مەدرید و دەبێت رێزیان لێ بگیرێت".
لە کۆتایی قسەکانیدا، ریکێلمی داوای دیبەیتی راستەوخۆی لە فلۆرێنتینۆ پێرێز کرد و ئاماژەی بەوەدا کە، پڕۆژەکەی ئەو دژی کەس نییە، بەڵکو تەنیا لە بەرژەوەندیی مەدریدە. هەروەها بەڵێنیدا کە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو وردەکاریی گەورەترین پڕۆژەی گۆڕانکاری بۆ ئەندامانی یانەکە ئاشکرا بکات.

