رووداو دیجیتاڵ
مستەفا گەنجێکی کوردی شاری کەرکووکە و ئەمڕۆ بە راکردن لە شارەکەیەوە بەرەو سلێمانی بەڕێکەوت. لەبارەی ئامانجەکەیەوە ئەو گەنجە دەڵێت، دەیەوێت هێز بداتە گەنجان.
مستەفا عیماد، کاژیر 04:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی لە بەردەم سەنتەری رۆشنبیریی کەرکووکەوە گەشتەکەی بە راکردن بۆ شاری سلێمانی دەستپێکرد. لە دەستپێکی چالاکییەکەوە کە خۆی وەکو "چاڵنج" ناوی دەبات، هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو یاوەری دەکات و رووماڵی ئەو چالاکییە دەکات.
پێش دەستپێکردنی چالاکییەکەی، مستەفا عیماد بە رووداوی گوت: "خواردنی پڕۆتین و پێداویستییەکانی دیکەم ئامادە کردووە، دەمەوێ 111 کیلۆمەتر بە کەمتر لە 20 کاژێر بە راکردن ببڕم تاوەکو دەگەمە شاری سلێمانی".
سەبارەت بە ئامانجی ئەو کارە، مستەفا عیماد گوتی: "دەمەوێ پەیامی پاڵشتی بدەمە گەنجان، کە هەندێک گەنج دەگەنە قۆناخێک پێیانوایە ناتوانن بیبڕن و پێشبکەون، من دەڵێم هەرچەند ژیان قورس بێت، دەبێت ئیرادیەک هەبێت بۆ بەردەوامبوون".
مستەفا عیماد یاریزانی تۆپی پێیە و بە گوتەی خۆی، ئەو چالاکییەی دەیکات تاوەکو ئێستا لەنێوان شارەکاندا بەو ماوە درێژە لە "تەواوی عێراقدا نەکراوە".
لە چالاکییەکەی مستەفادا، دایکی لە ئۆتۆمبێلێکدا وەکو پاڵپشتیی یاوەری کوڕەکەی دەکات و دەیەوێ لە نزیکەوە ئاگاداری بێت.
دایکی مستەفا عیماد بە پەیامنێری رووداوی گوت: "لە منداڵییەوە کوڕەکەم هیوایەتی تۆپی پێیە، نزای خێری بۆ دەکەم پێش 20 کاژێرەکە بگاتە جێگەکەی خۆی".
ئەو گەنجە لە چالاکییەکەیدا پێش ئەوەی بگاتە قەزای چەمچەماڵ کە 45 کیلۆمەترە، دوو جاری ماوە کورت پشووی دا و گوتی: "هەموو شتێک باشە و دەبێت پێڵاوەکانم بگۆڕم".
کاژێر 11:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ مستەفا عیماد قەزای چەمچەماڵی تێپەڕاند و بەردەوامە لە چالاکییەکەی و زیاتر لە نیوەی رێگەکەی ماوە بگاتە ئامانجەکەی.
مستەفا ئیسماعیل لە چەمچەماڵ گوتی: "ماندووم، بەڵام بێگومان رێگەکە تەواو دەکەم و تاوەکو ئێستا سێ بۆ چوار جار پشوودانی کورتم هەبووە".
