دڵشاد سەعید دکتۆرای لە میوزیکی کوردی وەرگرت

ئەدیب چەلکی

رووداو- هەولێر

دوای ئەوەی لە رۆژی 20-11-2017 میوزیکڤانی ناسراوی کورد و جیهان ، دڵشاد سەعید لە زانکۆی موزارت لە سالزبورگی وڵاتی نەمسا بڕوانامەی لە میوزیکی کوردی لەسەر توێژینامەکەی خۆی بە ناونیشانی( لێکۆڵینەوەیەک لەسەر میوزیکی کرمانجی- زیاتر بەرچاوکردنی سترانی ریتمی) بە پلەی زۆر باش وەرگرت ، بڕیارە لە دوای ساڵی خوێندنی 2017 و لە مانگی حوزەیرانی 2018 لە ئاهەنگێکی تایبەتدا بڕوانامەکەی پێ ببەخشرێت.

ئەمە یەکەمجارە توێژینەوەیەکی بەوشێوەیە ئەکادیمی و گرنگ لەسەر میوزیکی کوردی- کرمانجی لە زانکۆیەکی ئەوروپی دەکرێت. لە توێژینەوەکەدا تایبەتمەندییەکانی میوزیکی کرمانجی دەستنیشانکراوە. لە توێژینامەکەی دڵشاد سەعید باسی ئەوە کراوە کە..

1- زۆربەی میوزیکی کرمانجی بە رەنگ و شێوازی خۆیەوە جیایە لە میوزیکی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەی قەوقاز بەڵکو کەمترین خاڵی هاوبەشیشی هەیە لەگەڵ میوزیکی زاراوەکانی دیکەی کوردی.

2- میلۆدییەکی ئاڵۆز و غەریب بەناوی جورجینا هەیە لە نێو کرمانجی و هەندێک ناوچە لە عێراق ، دوای بەدواداچوونێکی باش دیاربوو کە ئەو میلۆدییە کرمانجییە بەو هۆکارانەی خوارەوە..

یەک: لەنێو کرمانجییەکاندا ئەو میلۆدییە زۆر بڵاوبووەتەوە و زۆر لەمێژە بەکاردەهێنرێت ، بەڵام لە هەندێ ناوچەی عێراق لە دەستپێکی سەدەی بیستەم و تاوەکو ناوەڕاستی ئەو سەدەیە بەکارهاتووە و دوای ئەوە زۆر بە کەمی بەکارهاتووە.

دوو: لە ناوچەکانی دیکەی عێراق لە گۆرانییە فۆلکلۆرییەکاندا بەکار نەهاتووە بەڵکو تەنیا لە گۆرانییە نوێیەکاندا بەکارهاتووە ، بەڵام لەنێو کرمانجیدا زۆر بەربڵاوە و ، لە گۆرانییە فۆلکلۆرییەکانیشدا بەکارهاتووە.

داڕشتنەوە؛ عومەر شایان