سیبەر ئەفەندی بە رەنگە تایبەتەکانی رێچکەکانی مۆدە دەشکێنێت
رووداو دیجیتاڵ
سیبەر ئەفەندی، کچێکی کوردی تەمەن 27 ساڵ و خەڵکی کۆبانێیە، لە 2016ـەوە لە هۆڵەندا دەژی و ئێستا رووی لە جیهانێکی نوێ کردووە؛ جیهانی مۆدە و دیزاین، ئەو، بە رەنگە تایبەتەکانی خۆی دەیەوێت رێچکەکانی مۆدە بشکێنێت و بە روانینێکی جیاوازەوە سەیری ئەم بوارە بکات، ئەو لەبارەی خۆیەوە دەڵێت: "سیبەر رەنگاوڕەنگە".
یەکەمین کۆمەلە دیزاینی ئەو دیزاینەرە کوردەی رۆژئاوای کوردستان، بە ناوی (KurdItalia Heritage) بوو.
سیبەر ئەفەندی، بۆ رووداو گوتی: "ئێستا حەزم کرد شتێک لە کولتوورەوە وەربگرم، شتێکیش لە جیهانی مۆدەوە، زۆرمان حەز دەکرد کەسێک دیزاینێک بکات کە بڵێین درەوشاوەیی تێدایە یان نا، دیزاینەرێکی ئیتاڵیم دۆزییەوە، لە پڕۆژەیەکدا پێویستە وەرزێک ببینیتەوە بۆ ئەوەی ئیلهامی لێوەربگریت، واتە شتەکان ئەکادیمین، بەڵام من بە شێوازێکی هونەری و داهێنەرانە کردم، سیاسەتم تێکرد، ستەمم تێکرد، ئەو شتانەی کە زۆر لە سۆشیاڵ میدیا دەیانبینین".
ئەم هەوڵەی بۆ دروستکردنی پردێکی کولتووری، لە هەمان کاتدا فەلسەفەی ژیانیشی نیشان دەدات، ئەو باوەڕی وایە کە هونەر و مۆدە دەتوانن مرۆڤەکان لە یەکدی نزیک بکەنەوە.
سیبەر ئەفەندی گوتیشی: "ئێمە هەموومان یەکین، مرۆڤەکان هەموو یەکین، رەنگە بە جلوبەرگ وا نەبێت، بەڵام بەلای منەوە واین، ئێمە هەموو یەکین، با هەموو بوەستن، با ئەوانیش بوەستن، تۆ دەتوانیت لەلای من بیت و منیش دەتوانم لەلای تۆ بم، ئەگەر لەم شتە بچووکەوە دەست پێبکەین، دەتوانین شتی گەورەتریش دروست بکەین".
ئەو دیزاینەرە کوردە ئەم پەیامە لەنێو وردەکارییەکانی کارەکەیدا دەشارێتەوە، ئەو یەکەمین دیزاینی کۆمەڵە دیزاینی (KurdItalia Heritage) بۆ رووداو خستەڕوو.
سیبەر ئەفەندی، روونیکردەوە: "بەوپێیەی من کوردی و ئیتاڵیم تێکەڵ کردووە، واتە سەیری قوماشەکە دەکەیت و دەزانیت قوماشێکی کوردی نییە، زیاتر دەتوانین بڵێین شتی چاکەت یان وەکو پەردە وایە یان وەکو پارچەی خاولی وایە، بەڵام بەشێوەیەکی داهێنەرانە کراوە، لای کورمانجەکانیش، قوماشێکی سادەی ئاسایی نییە، یان زۆر رەنگاوڕەنگە یان گرانبەهایە لای کورمانجەکان، من تێکەڵم کرد، گوتم ئەم قوماشە دەهێنم کە زۆر گرانبەها نییە، بەڵام کاتێک سەیری دەکەیت وا دەردەکەوێت کە بە دەست دروستکراوە، بۆ ئەوەی زیاتر، با بڵێین رۆحی کورمانجی و رۆحی ئیتاڵیای پێ بدات، ئیتاڵیا و منیش زۆر رەنگاوڕەنگین".
یەکەمین کۆمەڵە دیزاینی بناخەی خەونێکی گەورەیە، بۆ ئەوەی بیکاتە راستی، لە سەرەتادا بۆ ماوەی چوار ساڵ لە شاری ئوترێخت لە هۆڵەندا دیزاینی مۆدەی خوێندووە.
سیبەر ئەفەندی لەبارەی پلانی کارکردنی گوتی: "کاتێک دەخوێنم، نامەوێت هەر کە تەواوم کرد راستەوخۆ کارێک بکەمەوە، دەمەوێت سەرەتا ئەزموون یان وەکو دەڵێین شارەزاییم هەبێت، دەمەوێت هێدی هێدی پلان دابنێم بۆ ئەوەی مارکەیەکی تایبەت بە خۆم بکەمەوە".
ئەو لەگەڵ ئەم خەونەدا، دەیەوێت ببێتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ کەسانی دیکەش، پەیامی کۆتایی ئەو، تەنیا لەبارەی مۆدە نییە، بەڵکو لەبارەی خۆناسین و ژیانە.
دیزاینەر لەمبارەیەوە دەڵێت: "بەدوای خۆتاندا بگەڕێن، خۆتان بناسن، حەز لە هەموو شتێک بکەن، بەدوای خۆشەویستیدا بگەڕێن، خۆشەویستی تەنیا کچ و کوڕ نییە، خۆشەویستی، خۆشەویستی، خۆشەویستیی نەتەوە، خۆشەویستیی کار... بگەڕێن بزانن حەزتان لە چییە، بۆ ئەوەی تێیدا گەورەتربن و ئاسوودەبن".
سیبەر ئەفەندی بە رەنگەکانی کۆبانێ و خەیاڵە جیهانییەکانیەوە، درێژە بە گەشتەکەی لە جیهانی مۆدەدا دەدات.