دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە کۆڵن بەڕێوەدەچێت
رووداو دیجیتاڵ
لە کۆڵنی ئەڵمانیا، دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی بەڕێوەدەچێت. لە سێیەم رۆژی فێستیڤاڵەکەدا، میوانان بەشدارییان لە پرۆگرامێکی رەنگیندا کرد و سینەمای کوردی لە ئەڵمانیا خرایەڕوو.
کەسایەتییە ناسراوەکانی بواری سینەمای کوردی لە چوار پارچەی کوردستانەوە ئامادەن و رای خۆیان لەبارەی داهاتووی سینەمای کوردی خستەڕوو.
شەهرام عەلیدی، دەرهێنەری رۆژهەڵاتی کوردستان گوتی: "ئێستا فێستیڤاڵ هەیە" و هیوای دووبارە بەهێزبوونی سینەمای کوردی دەخوازێت، بەتایبەت باشووری کوردستان و بە بڕاوی ئەو، ئەو بەشەی کوردستان ئاڵای هەیە و خاوەن توانایە و گوتیشی: "ئەو ئاڵایە؛ سینەما دەیشەکێنێتەوە".
تیمی بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵەکە بچووکە و لە شەش کەس پێکدێت کە بە خۆبەخشانە کار دەکەن. ئەوان دەیانەوێت لە شاری کۆڵن سەکۆیەک بۆ فیلمی کوردی دروست بکەن.
حیسام یوسفی، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵ بە رووداوی راگەیاند: "فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی کۆڵن، فێستیڤاڵێکی کوردیی سینەماییە کە بۆ هەموو کوردانە. لە راستیدا یانی جێگە و پێگەیەکی سینەمایی و هونەرییە. ئەو جێگە و پێگە سینەما و هونەرییە زیاتر بایەخ بە فیلمەکانی دیاسپۆرا دەدات، بایەخ بە فیلمەکانی ناوەوە دەدات، کە لە رووی هونەرییەوە کۆمەڵێک فیلمی باشن و دەستەی هەڵبژاردنی ئێمە بەردەوام هەوڵ دەدات ئەم بابەتە بخاتە بەرچاو کە فیلمەکان لە رووی کوالیتییەوە دەبێت باڵا بن".
گوتیشی: "فیلمەکان لە رووی هونەری، فیلمسازی و سینەماییەوە دەبێت زۆر باڵا بن و بتوانن بێنە نێو فێستیڤاڵەکەی ئێمەوە".
بەرنامەی فێستیڤاڵەکە تەنیا پێشاندانی فیلم نییە، بەڵکو چالاکیی دیکەش لەخۆدەگرێت وەک دروستکردنی دەقی کوردی، بەمەش ئامادەبووان لە کولتووری دێرینی کوردی نزیک دەکاتەوە.
بێریڤان ئیبین کاری دروستکردنی دەق و تاتۆ دەکات و لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادەبوو و گوتی: "ئێمە هەموو کات دەڵێین ئێمەی کورد منداڵی خۆرین، واتە ئێمە زۆر بە خۆرەوە گرێدراوین، زۆر کەس کە سەردانم دەکەن، داوای دەقی خۆر دەکەن".
جگە لەوە، ئەدەبیات و وێژەی کوردیش لە فێستیڤاڵەکەدا جێگەی خۆی گرتووەتەوە. سیمینارێک لەبارەی بابەتی وێژە، ئازادی و رۆڵی نووسەران لە دیموکراسیدا بەڕێوەدەچێت.
بورهان سۆنمەز، سەرۆکی رێکخراوی نووسەران و رۆشنبیران گوتی: "لە نێوان سیاسەت و هونەردا بەردەوام ناکۆکی هەیە. ئێمە دەبێ بڵێین نەوەی نوێ با هونەری خۆی پێش بخات. سیاسەت بەردەوام لەناو دڵیاندایە، پێشنیار دەکەم کوردی بخوێننەوە، کوردی بنووسن، لە هەمان کاتدا نووسەرانی دەوڵەتان و زمانەکانی دیکەش بخوێنینەوە، بۆ ئەوەی بزانین کاریگەریی زمانی ئێمە لەسەر ئەوان چۆنە و کاریگەریی ئەوان لەسەر ئەدەبیاتی ئێمە چۆنە".
بەم بەرنامە هەمەجۆرە، نیوەی یەکەمی فێستیڤاڵەکە بەڕێوەچوو و لە سێ رۆژی داهاتوودا، چەندین فیلمی دیکەی کوردی نمایش دەکرێن و لەلایەن لیژنەیەکی سێ کەسییەوە هەڵدەسەنگێندرێن و خەڵات دەکرێن.
چالاکییەکانی دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە کۆڵن، لە 30ـی تشرینی یەکەمی 2025 دەستیپێکرد و تاوەکو 4ـی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت.