خولەپیزە چۆن ژیا و چۆن گیانی لەدەستدا؟


رووداو دیجیتاڵ 

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 70 ساڵ بەسەر رووداوەکاندا، بەڵگەفیلمێکی نوێی تۆڕی میدیایی رووداو، وردەکاریی ژیان و بەسەرهاتی مەحموود محەممەد، ناسراو بە خولەپیزە و هاوڕێکانی دەگێڕێتەوە کە لە چلەکانی سەدەی رابردوودا دژی حکومەتی پاشایەتیی عێراق چەکیان هەڵگرت.
 
شایەتحاڵەکان دەڵێن، خولەپیزە نەک چەتە نەبووە، بەڵکو وەکو پارێزەری خەڵکی هەژار دەرکەوتووە، بەڵام دواجار بە گولـلەی تفەنگی هاوڕێکانی خۆی بە هەڵە گیانی لەدەستداوە.
 
بەڵگەفیلمی خولەپیزە لەلایەن کاوە ئەمین، پێشکێشکاری ناسراوی تۆڕی میدیایی رووداو ئامادەکراوە و ساڵی 2025 بەرهەمهێنراوە. چیرۆکی خولەپیزە لە گوندی چەمیاڵەی ناوچەی شارباژێڕەوە دەستپێدەکات. مەحموود محەممەد، بەهۆی دایکییەوە کە ناوی پیرۆزخان بووە، نازناوی پیزەی وەرگرتووە و لە ساڵی 1941ـەوە ناوی دەكەوێتە سەر زاران.
 
سەرەتای یاخیبوونی خولەپیزە بۆ رووداوێکی کۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە، کاتێک حەمە ئەمین بانی شاری، فەرماندەی بنکەی پۆلیسی وڵیاوا، هەوڵی دەستگیرکردنی دەدات و سووکایەتی بە دایکی دەکات، خولەپیزە بەرگەی سووکایەتییەکە ناگرێت و لەنێو ماڵەکەی خۆیدا تەقە لە ئەفسەرەکە دەکات و دەیکوژێت.
 
سوارە محەممەد ئەمین، یەکێک لە شایەتحاڵەکانی ناوچەکە لە بەڵگەفیلمەکەدا دەڵێت "دوای کوشتنی ئەو ئەفسەرە، خولەپیزە و چەند کەسێک چوونە شاخ و نزیکەی 7 بۆ 8 ساڵ لە دژی حکومەت شەڕیان کرد"، براکانی خولەپیزە تایەر، تالیم و رەحیم و خولەسەلکەی مامی و کەسێکی دیکە بەناوی عەول گوڵچین کە بووە دەستەڕاستی، پەیوەندییان پێوەکرد. حکومەتی ئەو کاتەی عێراق هەوڵی دا لە رێگەی پڕوپاگەندە و تەنانەت چاپکردنی کتێبێک بەناوی کتێبی رەش لە ساڵی 1955، خولەپیزە و گرووپەکەی وەکو چەتە و رێگر پێشانبدات، بەڵام دانیشتووانی ناوچەکە پێچەوانەکەی دەگێڕنەوە.
 
بەپێی گێڕانەوەکان، خولەپیزە دەسەڵاتی بەسەر گرووپەکەیدا هەبووە و رێگەی بە تاڵانی نەداوە، بەڵکو پارەی لە دەوڵەمەندەکان وەرگرتووە و داویەتی بە هەژاران، تەنانەت رێزێکی تایبەتیان لە ژنان گرتووە. 
 
دکتۆر بەکر عەبدوڵڵا، سەرۆکی ئینستیتوتی کوردستان لە مۆسکۆ ئاماژە بەوە دەکات، "خولەپیزە رێزێکی زۆری لە ئافرەت گرتووە و لای ئەوان پیرۆز بووە، تەنانەت ئەگەر کاروانێک ژنی لەگەڵ بوایە، رێگرییان لێ نەدەکرد." هاوکات رادیۆکانی یەکێتیی سۆڤیێتی جاران، وەکو قارەمانێکی میللی و خەباتکار دژی داگیرکەری ئینگلیز و حکومەتی عێراق باسی خولەپیزەیان کردووە.
 
تراژیدیای ژیانی خولەپیزە لە شێوازی مەرگەکەیدایە. لە مانگی ئایاری 1951، لە شاخی کەتوو لە شارباژێڕ، شەڕێکی سەخت لەنێوان گرووپەکەی خولەپیزە و سوپای عێراق روودەدات. لەو شەڕەدا عەول گوڵچینی دەستەڕاستی خولەپیزە دەکوژرێت. تەها تالیم، کوڕی تالیم پیزە (برازای خولەپیزە) وردەکارییەکەی دەگێڕێتەوە و دەڵێت "دوای کوژرانی عەول، مامم خولەپیزە زۆر نیگەران دەبێت و داوای هەڵگرتنەوەی تەرمەکەی دەکات، لەو کاتەدا بە هەڵە گولـلەیەک لە تفەنگی یەکێک لە هاوڕێکانی خۆیان دەردەچێت و بەر خولەپیزە دەکەوێت و هەر لەوێ گیان لەدەستدەدات."
 
دوای نەمانی خولەپیزە، حکومەت لە رێگەی پیلان و بەکارهێنانی ساڵح کۆیی کە پێشتر دۆستی خولەپیزە بووە، توانی ئەندامانی دیکەی گرووپەکە لەنێوببات، براکانی خولەپیزە بە بەڵێنی لێخۆشبوون هەڵخەڵەتێنران و دواتر لە ساڵی 1955 زۆربەیان کوژران یان لە سێدارەدران.
 
ئەم بەڵگەفیلمە هەوڵێکە بۆ لابردنی ئەو پەردە رەشەی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بەسەر مێژووی ئەم کەسایەتییەدا دروستیان کردبوو، وێنەیەک دەخاتەڕوو کە تێیدا خولەپیزە وەک سیمبولی یاخیبوون دژی ستەم دەردەکەوێت، نەک رێگر و چەتە.