دەلیل دیلانار و رۆژین کۆنسێرتێکیان لە گەڤەر سازکرد


رووداو دیجیتاڵ

دەلیل دیلانار و رۆژین، هەردوو هونەرمەندی ناسراوی کورد، کۆنسیرتێکیان لە شاری گەڤەری باکووری کوردستان سازکرد و هەزاران کەس تێیدا ئامادەبوون.
 
کۆنسێرتەکە شەوی 31ـی ئابی 2025، لە چوارچێوەی پرۆگرامی "جەژنی ئەنادۆڵ"ـدا بەڕێوەچوو کە لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزاری تورکیاوە رێکخرابوو. 
 
کۆنسێرتەکە لە گۆڕەپانی ناوەندی شارەکەدا بەڕێوەچوو، ئامادەبووان تا درەنگانی شەو بە گۆرانییەکانی رۆژین و دەلیل دیلانار سەما و هەڵپەڕکێی کوردییان کرد.
 
لەم بۆنەیەدا، تیپی تۆپی پێی ژنانی گەڤەریش چوونە سەر ستەیج و بەشدارییان لە پرۆگرامەکەدا کرد.
 
دەلیل دیلانار، لەبارەی کۆنسێرتەکە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و بە رووداوی گوت: "راستگۆیانە قسەم نییە بیڵێم. وەک ئێوە بینیتان، گۆڕەپانەکە پڕ بوو لە خەڵک. یەکەمجارە لە گەڤەر کۆنسێرت دەکەم. بەڕاستی هیوایەکی گەورەم پێبەخشرا".
 
رۆژین، ئاماژەی بەوەدا کە زۆر دڵخۆشە بەو پێشوازییەی خەڵک و بە رووداوی گوت: "زۆر خۆش بوو، خەڵک لە گوندەکان و لە هەموو شوێنێکەوە هاتبوون و چەندین پەیامیشم پێگەیشت. زۆر دڵخۆش بووم. کۆنسێرتەکەمان بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە بەڕێوەچوو".
 
وەزارەتی رۆشنبیری ئەمساڵ لە جولەمێرگ و گەڤەر، زنجیرەیەک چالاکیی هونەری لەژێر ناوی "جەژنی ئەنادۆڵ"دا رێکدەخات و لە پرۆگرامە جیاوازەکاندا باس لە کولتوور، هونەر و خواردنە خۆجێییەکانی ناوچەکە دەکرێت.
 
رۆژین و دەلیل دیلانار هەردوو هونەرمەندی باکووری کوردستان و نیشتەجێی هەولێری باشووری کوردستان، تاوەکو ئێستا بەسدارییان لە چەندین فێستیڤاڵ و چالاکی هونەری لە باکووری کوردستان کردووە و کۆنسێرتینا پێشکێشکردووە.