بە بەشداری 15 وڵات نۆیەمین فێستیڤاڵی شانۆی شەقامی کەرکووک دەستپێدەکات


رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ لە کەرکووک، نۆیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی شەقام بە دروشمی "شانۆ پەیامێکە لەپێناو سەقامگیری" دەستپێدەکات و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و بەرهەمی شانۆیی 15 وڵات نمایش دەکرێن.
 
فێستیڤاڵەکە لەلایەن گرووپی شانۆی (هەوار)ـەوە رێکخراوە و نەژاد نەجم، سەرۆکی فێستیڤاڵەکە و شانۆکار، کە میوانی بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، رایگەیاند: "ئێمە نەچووینەتە نێو فێستیڤاڵەوە، بەڵکو فێستیڤاڵ هاتووەتە نێو رۆژەکانی ئێمەوە، چونکە ساڵانە لە سەرەتای مانگی 11ـەوە ئەم چالاکییەمان هەیە".
 
نەژاد نەجم ئاماژەی بەوەشکرد، دۆخی هونەری لە کەرکووک جیاوازە لە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و گوتی: "گلەییەکانی ئێمە بەردەوام بۆ چاککردنی بارودۆخی هونەرمەندان بووە. کەرکووک لە دۆخێکدا بوو نە سەر بە عێراق بووین و نە سەر بە هەرێم، بۆیە ئەو کارانەی دەکران زیاتر کەسی و تایبەت بوون. لە شارەکانی دیکە بەڕێوەبەرایەتی گشتی، وەزارەت و دەزگای فەرمی هەبوون، بەڵام لێرە تەنیا نووسینگەیەکی بچووک هەیە".
 
سەرۆکی فێستیڤاڵەکە پلانی رۆژی یەکەمی ئاشکرا کرد کە بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2025 دەستپێبکات و گوتی: "کاژێر 2:00ـی پاشنیوەڕۆ لە گەڕەکی شۆڕیجە، کە گەڕەکێکی میللییە، بە کارنەڤاڵێکی گەورە دەستپێدەکەین و زیاتر لە سێ کیلۆمەتر درێژ دەبێت و پێشبینی دەکەین نزیکەی
1500 کەس ئامادەی بن. کارنەڤاڵەکە شانۆ، هەڵپەڕکێ، بووکەڵەی زەبەلاح و سێرک لەخۆدەگرێت و تاوەکو سەنتەری رۆشنبیری بەردەوام دەبێت".
 
لەبارەی پەیامی بەرهەمە شانۆییەکانەوە، نەژاد نەجم روونیکردەوە: "شانۆی شەقام بەردەوام پەیامێکی گەرم و کارلێککاری هەیە. چەندین شانۆی کۆمیدی و تەنزئامێزمان هەن کە نزیکن لە بابەتی هەڵبژاردن و خۆکاندیدکردن، بەڵام مەبەست گاڵتەکردن نییە، بەڵکو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانە".
 
جگە لە گرووپە شانۆییە کوردییەکان، چەندین گرووپی شانۆیی لە وڵاتانی تورکیا، ئێران، بەلجیکا، نەمسا، ئوردن و میسر بەشدارن.
 
لە چوارچێوەی فێستیڤاڵەکەدا، خەڵاتی زێڕین پێشکێش بە ژمارەیەک هونەرمەندی دیاری بوارەکانی شانۆ، دراما و سینەما دەکرێت، لەوانە: شوان عەتووف: ئەکتەر و دەرهێنەری کورد، جەعفەر دەهقان: ئەکتەری ناسراوی ئێرانی، ناسراو بە کارەکتەری  (پۆتیڤار) و (ماکسیمیلیان)، فەرشید گەوێڵی، هونەرمەندی شانۆ و سینەمای رۆژهەڵاتی کوردستان، ناسراو بە کارەکتەری (سەنجەرخان).
 
فێستیڤاڵەکە چەندین وۆرکشۆپی هونەری لەخۆدەگرێت، لەوانە: (بەهای جەستە لەنێوان سەما و شانۆدا)، لەلایەن کریس لایلا، راهێنەری بەلجیکی. (وێنەیی و فیزیکاڵی دەنگ لە پانتاییدا)، لەلایەن شەماڵ ئەمین و د. نیگار حەسیب قەرەداخی و (لە بیرۆکەوە بۆ نووسینی شانۆی شەقام) لەلایەن تریفە کەریمیان، شانۆنامەنووسی رۆژهەڵاتی کوردستان.
 
لیژنەکانی دادوەری و رەخنەیی فێستیڤاڵەکە لە کۆمەڵێک کەسایەتیی ئەکادیمی و هونەریی ناسراو پێکدێن، لیژنەی دادوەرانی بەشی شانۆی گەوران بە سەرۆکایەتی شەماڵ ئەمین لە نەمسا و ئەندامێتیی ئەنەس عەبدولسەمەد لە عێراق، حەکیم حەرب لە ئوردن، ویسام ئوسامە لە میسر و پژمان شاهوەردی لە ئێران.
 
لیژنەی دادوەرانی بەشی بەرهەمە شانۆییەکانی منداڵان، بە سەرۆکایەتی مونیر رەزا لە عێراق و ئەندامێتیی ئەمیر زارعزادە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بەخشان بەکر لە باشووری کوردستان.
 
لیژنەی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکان، بە سەرۆکایەتی د. حوسێن تەكمەچی لە عێراق و ئەندامێتیی د. ئەحمەد بەلخیری لە مەغریب، د. کەیفی ئەحمەد لە باشووری کوردستان و حوسامەددین مەسعود لە میسر.