تەرزە عەبدوڵڵا: ئەوەی بمبینێ‌ بۆچوونی دەگۆڕێت

رووداو- سلێمانی 

هێندە سلێمانی خۆشدەوێت ناتوانێت بۆ پیشەكەشی لێی دووربكەوێتەوە. خەونی گەورەشی ئەوەیە ببێتە پێشكەشكارێكی بەنێوبانگ تاوەكو بەو هۆیەوە پارەیەكی زۆر كۆبكاتەوە و كاری خێرخوازی پێ‌ بكات. تەرزە عەبدوڵڵا، پەیامنێری تەلەفزیۆنی رووداو لە سلێمانی، تەمەنی 29 ساڵە و بەهۆی راگەیاندنەوە دەستبەرداری خوێندنەكەی بووە. لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) زیاتر لەبارەی ژیانی خۆیەوە قسە دەكات. 
 
 رووداو: بۆچی لە خوێندن بەردەوام نەبوویت و وازت هێنا؟ 

تەرزە عەبدوڵڵا: لە پۆلی یەكی ناوەندییەوە حەزم لە ئیشی راگەیاندن بوو. سەرەتا لە رادیۆی ئازادیی حیزبی شیوعی كوردستان لە سلێمانی وەكو بێژەری هەواڵ دەستبەكاربووم، جگە لەوەش بەرنامەیەكی پەروەردەییم هەبوو بۆ منداڵان. زۆر هەوڵم دا لە خوێندنیش بەردەوام بم، بەڵام حەزم لێی نەبوو. پاشان چوومە رۆژنامەی رێگای كوردستان، لەوێ‌ بابەتی كۆمەڵایەتیم ئامادە دەكرد، پاشان سەنگەرم گواستەوە بۆ رۆژنامەی هاووڵاتی، نزیكەی شەش ساڵ لە رۆژنامەی هاوڵاتی بەهەمانشێوە ئیشی كۆمەڵایەتیم دەكرد. پێموایە یەكەم رۆژنامەنووسیش بووم راپۆرتم لەسەر خەتەنەكردنی مێینە كرد كە دەنگدانەوەیەكی باشی هەبوو. 

رووداو: چۆن بوو لەو تەمەنە كەمەوە هاتیتە نێو راگەیاندن؟ 

تەرزە عەبدوڵڵا: پێدەچێ‌ هۆكارەكەی ئەوە بێت كە منداڵ بووم زۆر لاسایی بێژەر و پێشكەشكارەكانم دەكردەوە. پێش ئەوەی وازیش لە خوێندن بهێنم دەمگوت ئەگەر خوێندنەكەشم تەواو بكەم هەر دەبم بە میدیاكار، بەڵام قەت لەو باوەڕەدا نەبووم ببمە پەیامنێر، چونكە حەزم لێی نەبوو. 

رووداو: ئەی بۆچی لە رووداو نەبوویتە پێشكەشكار یان بێژەر؟ 

تەرزە عەبدوڵڵا: پاشان گرێبەستم بۆ پێشكەشكاری كرد، چونكە حەزم لە بێژەریی یاخود پێشكەشكاریی بوو بۆ بەرنامەی هونەری یان كۆمەڵایەتی، بەڵام حەزم لە هەواڵ و بەرنامەی سیاسی نییە، رووداویش لە بوارەكانی هونەری و كۆمەڵایەتی دەرفەتی نەبوو، جگە لەوەی ئێمە لە سلێمانی بووین و بەرنامەیەكی لەو شێوەیەی تێدا نەدەكرا، تەنها بەرنامەی چیرۆكی سەركەوتنم بۆ ماوەی ساڵێك پێشكەش كرد و بینەری باشیشی هەبوو. 

رووداو: ئەی چۆن بوو رووداوت هەڵبژارد؟ 

تەرزە عەبدوڵڵا: هاتنم بۆ تۆڕی میدیایی رووداو بەڕێكەوت بوو، كاتێك دەیانگوت تەلەفزیۆنێكی پڕۆفیشناڵ دەكرێتەوە، لەگەڵ هاوڕێیەكم هاتین و ئەو حەزی دەكرد ئیش بكات و چاوپێكەوتنیشمان كرد، بەڵام زۆر بە خەیاڵمدا نەدەهات وەربگیرێم یاخود وەرنەگیرێم، ئیتر بۆ شەوەكەی پەیوەندیم پێوە كرایەوە و گوتیان سیڤییەكەتمان بەدڵە و لە چاوپێكەوتنەكەش دەرچووی، بەڵام هاوڕێكەم وەرنەگیرا. 
 
رووداو: پێتخۆشە لە رووداو هەروەكو پەیامنێر كار بكەیت؟ 

تەرزە عەبدوڵڵا: راستییەكەی پێیان گوتووم بۆ ئەوەی بڕۆمە شاری هەولێر بۆ بەرنامە، بەڵام حەز ناكەم لە سلێمانی دوور بكەمەوە و ناتوانم دایك و باوكم و هاوڕێكانم جێبهێڵم. 

رووداو: لە كاری پەیامنێری ئاسوودەیت؟ 

تەرزە عەبدوڵڵا: یەكەمجار كە گوتیان پەیامنێری بكە، پێم خۆش بوو لەبەرئەوەی پێشتر دوو ئەزموونی دیكەم هەبوو، ئێستاش زۆر ئاسوودەم، بەڵام خەونم ئەوەیە ببمە پێشكەشكارێكی بەناوبانگ بۆ ئەوەی دەوڵەمەند ببم و بتوانم خزمەتی منداڵانی بێسەرپەرشت و پیاوانی بە تەمەن بكەم. 

رووداو: پێشتر كاری هونەریشت كردووە، یەكەم كارت چی بوو، بەشداریت لە چەند كاردا كردووە؟ 

تەرزە عەبدوڵڵا: یەكەم كارم بەشداری بوو لە كلیپێكی هونەرمەند تارا رەسوڵ كە باسی كاتی رژێمی بەعسی دەكرد. پاشان داوام لێكرا بۆ فیلم، بەڵام لەبەرئەوەی حەزم لە راگەیاندن بوو، نەمدەویست تێكەڵی ئەو كارانە ببم. دواتر بەشداریم لە درامای ئاكامی نهێنییەكانی هونەرمەند سالار سوڵتان كرد كە رۆڵی كچێكی منداڵكارم دەبینی كاتێك بەزۆر دەیدەنە پیاوێكی بە تەمەن. دواتریش لە درامای گەردەلوول رۆڵم بینی. 

رووداو: بۆچی لە كاری هونەری بەردەوام نەبوویت؟ 

تەرزە عەبدوڵڵا: ئێستاش پێم دەڵێن، بەڵام راگەیاندن كاتی بۆ نەهێشتوومەتەوە، دەبێت لە نێوان كاری راگەیاندن و هونەریدا یەكێكیان هەڵبژێری. بۆ ئەو قۆناغە زیاتر حەزم لە كاری راگەیاندنە. 

رووداو: خۆشەویستت هەیە؟ 

تەرزە عەبدوڵڵا: لە تۆڕی كۆمەڵایەتی و شوێنی دیكەشەوە داوای خۆشەویستیم لێكراوە، بەڵام تا ئێستا شاسواری خەونەكانم نەدۆزیوەتەوە، چونكە ئەو كەسەی دەبێتە هاوژینم دەبێت سێ سیفەتی تێدا بێت: رێزم بگرێت و خۆم و پیشەكەشمی خۆشبوێت، ئەگەر میدیاكاریش نەبێت كێشە نییە، بەڵام لە پیشەكەمەوە نزیك بێت. 

رووداو: دەڵێن تەرزە زۆر كراوەیە، هەر ئەوە نییە كە وای كردووە خەڵك زۆر لێت بێنە پێش و داوای پەیوەندیت لێ‌ بكەن؟ 

تەرزە عەبدوڵڵا: لەبەرئەوەی كەسێكی كۆمەڵایەتیم، بۆیە حەزم لە بوارەكانی كۆمەڵایەتی و هونەرییە. كاتێك كەسێك قسەم لەگەڵ دەكات كە پێشتر بەشێوەیەكی دیكە لێم تێگەیشتووە، بۆچوونی سەت لە سەت دەگۆڕێ‌ و دەڵێن سادە و رووخۆشیت. 

رووداو: لە راگەیاندن چ كارێك زۆر نیگەرانی كردووی؟ 

تەرزە عەبدوڵڵا: ئەو راپۆرتەی لەسەر هاوس پارتی كردم لە هەفتەنامەی رووداو زۆر نیگەرانی كردم، بەداخەوە میدیاكارەكان لە هاووڵاتیان زیاتر قسەی نەشیاویان بەرامبەرم كرد، بێ ئەوەی خوێندبێتیانەوە بە هەڵە تێگەیشتبوون، پەیوەندییان پێوە دەكردم و دەیانگوت ئەو شوێنە لەكوێیە، وایاندەزانی دژی سلێمانی كارم كردووە. لە كاتێكدا خۆم لەبەر سلێمانی ناتوانم بڕۆمە هەولێر، پاشان ئەو راپۆرتەش بۆچوونی چەند گەنجێك بوو كە حاڵەتێكی ئاساییە لە ماڵێكدا كۆدەبنەوە. راپۆرتەكە بەهیچ شێوەیەك بۆچوونی منی تێدا نەبوو.