هێلی لەڤ بۆ رووداو: شانازی دەكەم یەكێكم لە 100 كاریگەرترین كەسایەتی جیهان

رووداو- واشنتن

كچە گۆرانیبێژی كورد هێلی لەڤ، لەبارەی دەستنیشانكردنی وەك یەكێك لە 100 كاریگەرترین كەسایەتی جییهان و خەڵاتكردنی لەلایەن گۆڤاری بەنێوبانگی ئەمریكی "Foreign Policy"، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، شانازی دەكات وەك كچێكی كورد هەڵبژێردراوە و خەڵاتەكەشی پێشكەشی 55 ملیۆن كورد و بەتایبەت پێشكەشی پێشمەرگە دەكات، كە لەپێناو كوردستان و ئازادی خوێن دەبەخشن.

رۆژی چوارشەممە 2-12-2015 گۆڤاری بەنێوبانگی ئەمەریکی "Foreign Policy"  ناوی 100 کاریگەرترین کەسایەتی جیهانی بۆ ساڵی 2015 بڵاوکردە و خەڵاتی تایبەتیان پێشكەشكرا. لیستەكە ناوی دوو كەسایەتی كورد، هێلی لەڤ و سەڵلاحەدین دەمیرتاشی تێدابوو.

لیستەكەی "Foreign Policy" ناوی چەندین کەسایەتی سیاسی، ئابووری، زانستی و هونەری لەخۆگرتبوو، کە لە ساڵی 2015 کاریگەرییان لەسەر خەڵک جێهێشتووە، ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری ئەڵمانیا و ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیاش ناویان لە لیستەکەدا هاتبوو.

گۆڤارەکە لەبارەی هەڵبژاردنی هێلی لەڤ نووسیبووی " ئەو توانیویەتی بە گۆرانی شۆڕش بەرەنگاری داعش ببێتەوە و پشگیری پێشمەرگە بکات، بەڵام هێلی چەکی هونەری پێ کاریگەرتربووە لە مەترسییەکانی داعش، بۆیە چەند مەترێک دوور لە چەکدارانی داعش کلیپی تۆمارکردووە". 

هێلی لەڤ ئەمساڵ كلیپێكی بۆ پشتیگریكردنی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕ بەرهەمهێنا، دوای بڵاوكردنەوەشی دەنگدانەوەیەكی باشی هەبوو و پێشوازییەكی گەرمی لەلایەن هەوادارانی لێكرا.

گۆڤاری بەنێوبانگی ئەمەریکی"Foreign Policy"، ساڵانە لیستی 100 کەسایەتی کاریگەری ساڵ بڵاودەکاتەوە، ئەو کەسایەتییانەش دیاریدەکات کە توانیویانە کاریگەری لەسەر خەڵک دابنێن، یان بیرۆکەیەکی نوێ لەسەر بابەتێکی گرنگی نێو کۆمەڵگە بدەنە جیهان.

گۆڤارەكە لە مەراسیمێکی گەورەدا خەڵات پێشکەش بە هەڵبژێردراون دەکات، رۆژی چوارشەممەش هێلی لەڤ لە ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکان ئامادەبوو.  پێش دابەشکردنی خەڵاتەکان هێلی لەڤ چەند خولەکێک باسی لە ئازایەتی پێشمەرگە و سەرکەوتنەکانی کرد، لەگەڵ ئەوەشدا داوای لە وڵاتانی جیهان کرد هاوکاری پێشمەرگە بكەن لەڕووی چەک و پێداویستی سەربازییەوە.