دانا دارا پێشانگەیەکی خۆشنووسی بەبۆنەی رەمەزان کردەوە
رووداو دیجیتاڵ
خۆشنووس دانا دارا، بەبۆنەی مانگی رەمەزانەوە، پێشانگەیەکی خۆشنووسی لە سلێمانی کردەوە، لە تابلۆکانیدا ناوەکانی خودا و ئایەتەکانی قورئانی نووسیوە.
پێشانگەکە بەناونیشانی "قورئان ئارامی دڵانە" و لە ژێر چاودێری ئەوقافی سلێمانی لە گەلەری ئەمنە سوورەکە کرایەوە.
دانا دارا، بە رووداوی راگەیاند، پێشانگەکە 50 تابلۆی رەنگاورەنگ لەخۆدەگرێت بۆ ئەوەی خەڵک لە کاتی سەیرکردنی بێتاقەت نەبێت. گوتیشی، ئەمە دەبێتە دەیەمین پێشانگەی تایبەتیی خۆی.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "قورئانی پیرۆز و ناوەکانی خودای گەورە بە تەکنیکی جیاواز و جوان لە تابلۆکانیدا نووسراون".
دانا دارا، روونیشیکردەوە: کردنەوەی پێشانگەکە لەو کاتەدا گرنگە، چونکە لەو مانگەدا قورئانی پیرۆز دابەزیوە.
پێشانگەکە رۆژی دووشەممە 3ـی ئاداری 2025 کرایەوە و یەک رۆژ بەردەوام بوو.