لێکۆڵینەوەیەک: پیاوان لە ژنان خێراتر دەکەونە داوی خۆشەویستییەوە
رووداو دیجیتاڵ
لێکۆڵینەوەیەکی نوێی زانایانی ئوسترالی و نیوزیلاندی دەریدەخات، پیاوان زووتر لە ژنان دەکەونە داوی خۆشەویستییەوە.
لێکۆڵینەوەکە بە پشتبەستن بە زانیاریی 808 کەسی تەمەن 18 تاوەکو 25 ساڵ کراوە کە هەموویان لە کاتی لێکۆڵینەوەکەدا لە خۆشەویستیدا بوون.
بەشداربووەکان خەڵکی 33 وڵاتی ئەورووپا، ئەمریکای باکوور و باشووری ئەفریقا بوون.
ئامانج لە لێکۆڵینەوەکە دۆزینەوەی کات، بەهێزی و دروستبوونەوەی هەستی خۆشەویستی بووە لەنێو هەردوو رەگەزدا.
لە ئەنجامدا دەرکەوتووە، دوای دەستپێکردنی پەیوەندی لە نێوان دوور رەگەزەکەدا، پیاوان مانگێک خێراتر لە ژنان هەستی خۆشەویستی و هۆگربوونیان لادروست دەبێت، واتە مانگێک زووتر لە ژنان دەکەونە داوی خۆشەویستییەوە.
لە هەمان کاتدا، پیاوان زۆرترین جار بەراورد بە ژنان دەکەونە داوی خۆشەویستییەوە.
لێکۆڵینەوە ئەوەشی دەرخستووە، پێش فەرمیبوونی پەیوەندیی نێوان دوو کەس، واتە پێش ئەوەی هەردووکیان دان بە خۆشەویستی بۆ یەکدی دابنێن، پیاوان زیاتر لە ژنان هەست بە خۆشەویستی و هۆگربوون دەکەن.
30٪ـی پیاوانی بەشداربووی لێکۆڵینەوەکە ئاشکرایانکردووە کە پێش ئەوەی پەیوەندییەکانیان ببێتە فەرمی، هۆگری ئەڤیندارەکەیان بوون؛ لە بەرامبەردا، 20٪ـی ژنان هەمان هەستیان پێش فەرمیبوونی پەیوەندییەکانیان هەبووە.
بەڵام وێڕای ئەوەی پیاوان زووتر دەکەونە داوی خۆشەویستییەوە، لێکۆڵینەوەکە دەڵێت، کاتێک ژنان لە خۆشەویستیدان، خۆشەویستی و هۆگربوونیان بەراورد بە پیاو بەهێزترە و زیاتر پابەندی زیندوو هێشتنەوەی پەیوەندییەکەن و زۆرترین کات بە بیرکردنەوە لە ئەڤیندارەکەیان بەسەردەبەن.
بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکە، ئەم جیاوازیانەی لەنێوان هەردوو رەگەزەکەدا هەن، دەکرێت هۆکاری کۆمەڵایەتییان لەپشت بێت، چونکە پیاوان ناچارن زووتر پابەندبوون بنوێنن بۆ ئەوەی رەگەزی بەرامبەر بۆ خۆیان رابکێشن، لە کاتێکدا ژنان بە هۆشیاری و وریایی زیاترەوە هەنگاو دەنێن.
لێکۆڵینەوەکە ئەوەش دەخاتەڕوو کە لەو وڵاتانەی یەکسانی زیاتر لە نێوان رگەزەکاندا هەیە، خەڵک کەمتر دەکەونە خۆشەویستییەوە، کاتێکیش کەسێکیان خۆشدەوێت، هۆگربوونیان کەمترە، بەو واتەیەی دابونەریت کاریگەریی گەورەی لەسەر ئەڤینداری (رۆمانسیەت) هەیە.
ئەم لێکۆڵینەوەیە لە گۆڤاری زانستیی ئەمریکیی Biology of Sex Differences بڵاوکراوەتەوە.