پیشەسازی دروستکردنی فەڕشی ئێرانی وەکو جارانی نەماوە
رووداو - هەولێر
جگە لە نەخش و شێواز و پێکهاتەی: تان و پۆ، رەنگ، خوری، دەزوو و پرووی فەڕشی ئێرانی، گرێدراوی دارستان، چیمەن و سەوزایی دەشتەکانی ئێرانە، هەروەها گرێدراوی کانزا و ئاژەڵەکانیەتی.
ئەوانە سەردەمانێک بنەمای چنینی فەڕشی دەستکردی ئێرانی بوون، فەڕشێک کە بە بەرهەمێکی تەواو هونەریی بەڕەنگ و درەوشاوەییەکی سەرنجڕاکێشەوە، لە ماوەی لانیکەم 300 ساڵی رابردوودا لە بەناوبانگترین مۆزەخانەکانی جیهان پێگەی تایبەتی خۆی هەبووە.
بۆ چنینی ئەو فەڕشانە، هەموو جۆرە رووەکێکی نێو سرووشت بەکارهێندراون و خورییەکانی فەڕشیان پێ رەنگکراوە، ئەو رووەکانەیش بە جۆرێک رنراون کە زیان بە سرووشتی دەوروپشتیان نەگات، بۆ ئەوەی لە ساڵانی داهاتوویشدا بتوانن سودیان لێ ببینن.
بۆ رەنگکردنی خوری فەڕشەکان لەگەڵ رووەک، سەرچاوەی کانزایی وەک خاکی رۆس و، پاشەڕۆی ئاژەڵیش سوودیان لێ وەرگیراوە. ئەو شێوازە لە لایەن شارەزایانەوە ؛ بە هەرزانبەها و ئاسان و تەندروست هەم بۆ ژینگە و هەم بۆ مرۆڤ باسی لێوە دەکرێت، چونکە شێوازێک بووە کە لەگەڵ سرووشتدا گونجاوە و هیچ زیانێکی پێ نەگەیاندووە.
لە رابردوودا رەنگی رووەکیی وەک: رۆناس و گندۆل کەڵکیان لێ وەرگیراوە، لەگەڵ گەڵای مێو و توێکڵی هەنار و توێکڵی گوێز، کە پاشماوەکەیشیان گەڕێندراوەتەوە بۆ نێو سرووشت، بەڵام ئێستا پاشماوەی رەنگە کیمیاییەکان کە پڕن لە ژەهری دژی سرووشت، لە ژینگەدا بڵاودەکرێنەوە.
لایەنگرانی فەڕشی پیشەسازی دەڵێن ؛ لەم سەردەمەدا بە هۆی: کەمبوونی زەوی کشتوکاڵی بۆ چاندنی رووەکەکانی تایبەت بە رەنگکردنی فەڕش، بەرزبوونەوەی رێژەی دانیشتووان، خواستی زۆر لە سەر فەڕش ، خێرابوونی سووڕی بەرهەمهێنان و بازاڕ و خاوبوونی پرۆسەی رەنگکردنی سروشتی فەڕش، تادێت زیاتر ناچار دەبن لە بەرهەمهێنای فەڕشدا رەنگی کیمیایی کە زیانیش بە سرووشت و مرۆڤ دەگەیەنێت،بەکاربێنن.
فەڕشی دەستکرد جگە لە رەنگی سرووشتی، تەنیا خوری سروشتی تێدا بەکارهێندراوە ، بۆ ئەوەیش باشترین جۆرەکانی مەڕ دەستنیشانکراون ، بە تایبەت مەڕی سپی ، لەوێیشەوە ئاژەڵداران مەڕی تایبەتیان بۆ فەڕشچنین بەخێو کردووە ، بەڵام لەپرۆسەی بەرهەمهێنانی فەڕشی پیشەسازیدا ، خوری سرووشتی رەنگی خۆی لێ دادەماڵدرێ و دیسان رەنگ دەکرێتەوە کە ئەوەیش، تازەیی و درەوشانەوەی خورییە سرووشتییەکە ناهێڵێت و، رەنگی فەڕشی پێشەسازی وەک فەڕشی دەستکرد بەڕەونەق نابێت.