دەلیل دیلانار ئامادەکاری بۆ زنجیرە کۆنسێرتێک لە باکووری کوردستان و تورکیا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند دەلیل دیلانار، لە شارەکانی ئێلەهـ و مووشی باکووری کوردستان، دوو کۆنسێرتی بۆ هەوادارانی ساز دەکات. کۆنسێرتەکان لە رۆژانی 16 و 26ـی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوەدەچن.
کۆنسێرتی یەکەمی دیلانار، لە 16ـی تشرینی دووەم لە ئێلەهـ، ساز دەکات.کۆنسێرتی دووەم لە 26ـی مانگ لە مووش بەڕێوەدەچێت، کە زێدی ئەو هونەرمەندەیە. کۆنسێرتەکان لەژێر دروشمی "ئامادە بن بۆ شەوێکی لەبیرنەکراو"ـن.
دەلیل دیلانار سەبارەت بە کۆنسێرتەکانی بە رووداوی راگەیاند:
"ئێمە لە ئامەد، ئیستەنبووڵ، ئیزمیر، ئەنقەرە و ئەنتاڵیاش کۆنسێرت ساز دەکەین. کاتێک بەرواری ئەو کۆنسێرتانە دیاریکرا، ئاگادارتان دەکەینەوە".
دەلیل دیلانار، وەک دەنگبێژێکی دیاری باکووری کوردستان دەناسرێت و برازای دەنگبێژی ناسراو حوسێنی مووشییە و ئەو هونەرەی لە بنەماڵەکەیەوە بۆی ماوەتەوە و بە ستایلی تایبەتی خۆی پێشکێشی دەکاتەوە.
بە دەنگە بەرز و بەهێزەکەی و گوتنەوەی کلامەکانی وەک (سەرایێ) و (دەروێشێ عەڤدی)، شوێنێکی تایبەتی لە دڵی هەوادارانیدا کردووەتەوە.