پڕۆژەی نیشتیمانی دوو بۆ میوزیک و گۆرانی كوردی رادەگەیێنرێت
رووداو - هەولێر
هەژار زەهاوی، میوزیكژەنی بەناوبانگی کورد و پێشکەشکاری بەرنامەی ئاوازی جیهان، لە تۆڕی میدیایی رووداو پڕۆژەی نیشتیمانی دوو بۆ میوزیک و گۆرانی رادەگەیێنێت کە ماوەی سێ ساڵ لە دەرەوەی وڵات بەردەوام دەبێت.
لە میانەی بەشداریكردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی رووداودا، هەژار زەهاوی باسی لەوە كرد "دوای تەواوكردنی كارەكارەنی پڕۆژەی نیشتیمانی یەك، ئێستا سەرقاڵی كاركردنین لە پڕۆژەی نیشتیمانی دوو، كە بەهەمان شێوە بە سپۆنسەری تۆڕی میدیایی رووداو و سەرپەرشتی كۆمپانیایەكی فەرەنسی كار بۆ موزیكو گۆرانی كوردی دەكرێت".
ئەو گوتی "لەشەش كەس پێنجمان كوردین و یەكێكیش فەرەنسییە، لەئێستاوە دەستمان کردووە بە کارکردن لەو پڕۆژەیە و، پڕۆژەكەش سێ ساڵ دەخایەنێت واتە تاوەكو ساڵی 2019 بەردەوام دەبێت".
پڕۆژەی نیشتیمانی یەك بۆ مۆزیكو گۆرانی كوردی لە ساڵی 2013 بە سپۆنسەری تۆڕی میدیایی رووداو كرا و، لە 30 کاری جیاواز پێكهاتبوو و سەرجەم كارەكان لە 30 فێستیڤاڵی جیاوازی دنیا پێشكەشكران.