کوڕێکی محەممەدی ماملێ کۆچی دواییکرد


رووداو دیجیتاڵ

خالید ماملێ، ناسراو بە هێدی، کوڕی هونەرمەندی ناسراوی کوردستان محەممەدی ماملێ لە پایتەختی فەرەنسا کۆچی دواییکرد.
 
مەڵبەندی هونەریی ماملێ شەوی سێشەممە، 7-2-2023، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "برا و ئازیزمان کاک خالید ماملێ (هێدی) ئەمڕۆ سێشەممە بەهۆی نەخۆشیی درێژخایەنەوە لە پاریس کۆچی دواییکرد".
 
خالید ماملێ، کوڕی سێیەم و منداڵی چوارەمی هونەرمەند محەممەدی ماملێیە. ئەو لە تەمەنی گەنجێتیدا لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەستی بە کاری سیاسیی کرد و لە ساڵی 1984ـەوە لە فەرەنسا نیشتەجێبوو.
 
محەممەدی ماملێ یەکێک لەو هونەرمەندە ناودارانەی کوردستانە کە بەردەوام وەکو قوتابخانەیەک لە جیهانی گۆرانی و ئاوازدا ناوی دەهێندرێت. 
 
ئەو هونەرمەندە ساڵی 1926 لە مهاباد لەدایکبوو و ساڵی 1999 لەو شارە کۆچی دواییکرد، لە 73 ساڵی تەمەنیدا زیاتر لە 500 گۆرانی تۆمارکرد کە بەشێکیان ئاوازی خۆی بوون.