لە میونشن رۆژانی فیلمی کوردی بەڕێوەچوو


رووداو دیجیتاڵ

رۆژانی رابردوو لە میونشن رۆژانی فیلمی کوردی بەڕێوەچوو. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و لە نێو دیاسپۆرانشینانی ئەڵمانیادا دەنگدانەوەی زۆری هەبوو. هێمن عەبدوڵلا لە دیاسپۆرا میوانداریی میهرەبان ساڵح، پرۆگرام دایرێکتەری رۆژانی فیلمی کوردی لە میونشن کردووە و قسەی زیاتریان لەسەر ئەو چالاکییە کرد.
 
چالاکییەکە بەهاوبەشی لەگەڵ کتێبخانەی گشتی میونشن و شارەوانی شارەکە ئەنجامدرا.
 
میهرەبان ساڵح، رێکخەری چالاکییەکە گوتی، رۆژانی فیلمی کوردی لە میونشن چوار رۆژی خایاند، سەبارەت بەو بەرهەمانەی لەو چوار رۆژەدا نمایشکران. 
گوتیشی، دوو فیلمی درێژ، پێنج بەڵگەفیلم و شەش کورتە فیلمی کوردی بوون، جگە لەوانە شەش فیلمی منداڵانیش نمایشکراون. 
 
سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئەو فیلم و بەڵگەفیلمانەی لە رۆژانی نمایشی فیلمی کوردی لە میونشن میهرەبان ئاماژەی بەوەدا، ئەوان ئەو بەرهەمانەیان هەڵبژاردبوو کە پرسی کورد نیشان بدەن وەک پرسی ئەنفالکردنی کورد و جینۆسایدی ئێزدییەکان و بابەتی کۆڵبەرەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵەگەفیلمێکیش تایبەت بووە بە پرسی زمانی دایک لە رۆژهەڵاتی کوردستان.