نووسەرێکی بەریتانیی بە رەچەڵەک ئەفریقی خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئەدەب بردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەب بۆ ئەمساڵ درایە نووسەرێکی بەریتانیی بە رەچەڵەک تەنزانی بەناوی عەبدولڕەزاق گورنا، ئەوەش بۆ نووسینەکانی لە بواری چەرخی دوای کۆلۆنیالیزم و ئەزموونی پەنابەرێتی.
 
رۆژی پێنجشەممە 07-10-2021 خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەب بەخشرایە عەبدولڕەزاق گورنا، کە پێنجەمین کەسی ئەفریقییە خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەب دەباتەوە؛ عەبدولڕەزاق لە ساڵی 1948 لە دوورگەی زانزیباری تەنزانیا لەدایکبووە و لە ساڵی 1968 وەکو کۆچبەر گەیشتووەتە بەریتانیا.
 
ئەکادیمیای سوێدی لەبارەی عەبدولڕەزاقەوە دەڵێت، نووسینەکانی لە بواری کۆلۆنیالیزم و گەشتی پەنابەرێتی لە "کەنداوی نێوان کولتوور و کیشوەرەکاندا" بوونەتە هۆی ئەوەی خەڵاتەکەی پێبدرێت.
 
عەبدولڕەزاق بە وێبسایتی خەڵاتی نۆبڵی راگەیاند، سەرسام بووە کاتێک لەلایەن ئەکادیمیاکەوە پەیوەندیی پێوە کراوە و گوتی، "وامزانی گاڵتەیە. ئەمەم هەر لە خەیاڵدا نەبوو".
 
گورنا خاوەنی 10 رۆمانە و ژمارەیەک کورتە چیرۆکیشی نووسیوە. ئەندێرس ئۆلسن، سەرۆکی لیژنەی ئەکادیمیای نۆبڵ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، نووسینەکانی گورنا لەبارەی پەنابەرێتی زۆر بابەتی بوون و گوتیشی، کتێبەکانی بۆ زۆر خوێنەری ئەوروپا و جیهان سەرنجڕاکێشن.
 
عەبدولڕەزاق گورنای تەمەن 73 ساڵ، لە ساڵی 1968 و دوای سەرهەڵدانی شۆڕش، دوورگەی زانزیباری جێهێشت و چووە ئەوروپا؛ دواتر لە بەریتانیا نیشتەجێ بوو و لە تەمەنی 21 ساڵیدا دەستی بە نووسین کرد. هەرچەندە سواهیلی زمانی دایکی بوو، بەڵام زۆربەی کتێبەکانی بە ئینگلیزی نووسیون.
 
ئەو بە رۆمانەکەی بەناوی 'پارادایس' دەناسرێت کە لە ساڵی 1994 نووسیویەتی. لە رۆمانەکەیدا باس لە جەنگی جیهانیی یەکەم و سەردەمی داگیرکاری لە رۆژهەڵاتی ئەفریقا دەکات.
 
رۆمانەکە لە هەندێک شوێن ئاماژە بە رۆمانەکەی نووسەری ئینگلیزی جۆزێف کۆنراد بەناوی "هارت ئۆڤ دارکنێس" دەکات کە لە ساڵی 1902 نووسیویەتی و وێنەی گەشتی پاڵەوانێکی گەنجی بێتاوان بەناوی یوسف دەکات کە گەشت بۆ نێوەڕاستی ئەفریقا و کۆنگۆ دەکات.
 
گورنا پێشتر مامۆستای ئینگلیزی و ئەدەبی پۆستکۆلۆنیاڵ بووە لە زانکۆی کێنتی شاری کانتەربێری و ئێستا خانەنشینە.
 
خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەب مەدالیایەک و بڕی 1.1 ملیۆن دۆلارە کە ئەمساڵ بەخشرایە عەبدولڕەزاق گورنا.
 
خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەب خەڵاتێکی ساڵانەیە و لەلایەن ئەکادیمیای شاهانەی سوێد بۆ زانستەکان دەبەخشرێتە ئەو کەسانەی کە داهێنان و کاریگەریی گرنگیان لە بواری ئەدەبدا هەیە.
 
نۆبڵی ئەدەب یەکێکە لە پێنج جۆری خەڵاتی نۆبڵ کە لەسەر داوای ئەلفرێد نۆبڵ لە ساڵی 1895 دامەزرا و لە ساڵی 1901 بۆ یەکەمجار خەڵاتەکەیان بەخشی. بەشەکانی دیکەی نۆبڵ بریتین لە نۆبڵ لە کیمیا، نۆبڵ لە فیزیا، نۆبڵی ئاشتی و نۆبڵ لە دەروونزانی یان پزیشکی دا.