قوبادی جەلیزادە: ژیریی دەستکرد مرۆڤ دەکات بە ئامێرێکی بێ گیان


رووداو دیجیتاڵ

قوبادی جەلیزادە، شاعیری ناسراوی کورد هۆشداری دەدات لە مەترسییەکانی تەکنەلۆژیا لەسەر دنیای ئەدەب و هونەر و رایدەگەیێنێت، ژیریی دەستکرد هەموو جوانییەک لە ناخی مرۆڤ دەستێنێتەوە و مرۆڤ دەکاتە ئامێر.
 
لە پەراوێزی گفتوگۆیەکی ئەدەبیدا لە هەولێر، قوبادی جەلیزادە لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو باسی لە کاریگەریی تەکنەلۆژیا کرد و گوتی: "ژیریی دەستکرد مەترسییە و ترسناکە لەسەر ئەدەب، هونەر و ئەو شتانەی مرۆڤی زیندوو وەک جەستە و رۆح تایبەتمەندی پێدەبەخشێت".
 
بە بڕوای شاعیر، تەکنەلۆژیا خەریکە جێگەی داهێنانی مرۆڤ دەگرێتەوە و دەڵێت: "ژیریی دەستکرد هەموو شتەکان خۆی دروستی دەکات؛ دەبێتە شاعیر، رۆماننووس، گۆرانیبێژ و شێوەکار. ئەمە هەموو جوانییەک لە مرۆڤی رەسەن دەستێنێتەوە و مرۆڤ دەکات بە ئامێرێکی بێ گیان".
 
سەبارەت بە شێوازی نووسین و بەرهەمهێنانی دەقەکانی، قوبادی جەلیزادە بۆچوونێکی جیاوازی هەیە و باوەڕی بە چاوەڕوانکردنی ئیلهام نییە.
جەلیزادە بە رووداوی گوت: "بڕوام بە شتێک نییە پێی بگوترێت ئیلهام، کە شاعیر چاوەڕێ بکات لە ئاسمانەوە سرووشی بۆ بێتە خوارەوە. بڕیارم داوە هەموو رۆژێک نزیکەی دەقێکی تازە بنووسم. شیعرنووسین لای من بووەتە جۆرێک لە پیشە".
 
روونیشیکردەوە، بەهۆی ئەوەی خانەنشین بووە، کاتێکی زۆری بۆ خوێندنەوە و نووسین هەیە و بەیانیان تایبەت دەکات بە نووسینی دەق بۆ خوێنەرەکانی، "چ ئەوانەی خۆشیان دەوێم و چ ئەوانەی رقیان لێمە".
 
قوبادی جەلیزادە لە پەراوێزی گفتوگۆیەکی ئەدەبیدا بۆ رووداو قسەی کرد کە ئێوارەی شەممە 6ـی کانوونی یەکەمی 2025 لە هەولێر بەڕێوەچوو.
 
چالاکییەکە بەناونیشانی (هایکوو لە شیعری کوردیدا؛ ئەزموونی شیعر و ژیانی قوبادی جەلیزادە) بوو، لەلایەن یانەی مەدا بۆ خوێندنەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ پەیمانگەی گۆتەی ئەڵمانی لە عێراق سازکرا، ئاسۆ کەریم، بەڕێوەبەری دیالۆگەکە بوو.