لە مێردین مۆزایکێک دۆزرایەوە مێژووەکەی بۆ 1500 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە شاری دێرینی دارا لە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان، تیمێکی شوێنەوارناسیی تورکیا مۆزایکێکی دێرینیان دۆزییەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 1500 ساڵ لەمەوبەر. رووبەری مۆزایکەکە نزیکەی 50 مەتر چوارگۆشەیە و بە وێنە و نەخشی جۆراوجۆر رازێنراوەتەوە.
 
مۆزایک، وێنەیەک یانیش نەخشەیەکی رەنگاورەنگی هونەرییە، لە رێگەی پێکەوەبەستن و رێکخستنی کۆمەڵێک پارچەی بچووکی بەرد، کاشی، شووشە و پێکهاتەی بریسکەداری دیکە دروستدەکرێت.
 
کارەکانی پشکنین لە دارا کە 39 ساڵە بەردەوامە، بەتایبەتی دوای ئەوەی خرایە نێو "پڕۆژەی میراتی داهاتوو". شاری دێرینی دارا لەلایەن ئیمپراتۆریەتیی رۆمیی رۆژهەڵاتەوە دامەزراوە، بۆ پاراستنی سنوورەکانی لە بەرامبەر ساسانییەکان.
 
لە ئەنجامی کنە و پشکنیندا، چەندین شوێنەوار دۆزراونەتەوە، لەوانە؛ گۆڕستانێک، کەنیسە، کۆشک، بازاڕ، زیندان، کۆگەی چەک، بەنداو، زیاتر لە 10 هەزار سەرە رم، چرا، پارچە شووشە، گۆزە و خشڵ و زێڕ.
 
ئایهان گۆک، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و گەشتوگوزاری پارێزگاکە، رایگەیاند کارەکانی هەڵکەندن و پشکنین بە وردییەکی زۆرەوە بەڕێوەدەچن. راشیگەیاند، مۆزایکەکە بۆ رازاندنەوەی زەوی ماڵێک بەکارهاتووە و لە دوو یان سێ شوێنەوە نۆژەن کراوەتەوە.
 
شوێنەوارناس دەڤریم حەسەن مەنتەشە، بەڕێوەبەری هەڵکەندن و پشکنین لە دارا، گوتی دراوێکی کانزاییان لەسەر مۆزایکەکە دۆزیوەتەوە کە بۆ سەردەمی یۆستینیانوسی یەکەم دەگەڕێتەوە، ئەمەش دەریدەخات کە لە نێوان ساڵانی 525 بۆ 575 زایینی دروست کراوە. مەنتەشە ئەوەشی خستەڕوو کە دارا تەنیا قەڵایەکی سەربازی نەبووە، بەڵکو ناوەندێکی بازرگانی و ئایینیی گرنگ بووە.