فیلمێکی نوێی هۆڵەندی ریشەی کورد دەباتەوە سەر سۆمەرییەکان
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆژانە وێنەگرتنی فیلمی (جەمال) لە هۆڵەندا کۆتاییهات. فیلمەکە باسی ژیانی مێردمنداڵێکی دیاسپۆرانشینی کورد دەکات، کە بەشێوەیەکی سەیر تێدەگات کورد ریشەیان دەچێتەوە سەر سۆمەرییەکان.
دەرهێنەری فیلمەکە (فیلیپ رەشید)ە. ئەکتەر و پێشکەشکار و دەرهێنەرێکی ناسراوی هۆڵەندییە. یەکێک بووە لە ئەستێرە دیارەکانی نێو درامای (کاتە باشەکان، کاتە خراپەکان) کە ماوەی 35 ساڵە لە هۆڵەندا هەموو ساڵێک وەرزێکی نوێی لێ بەرهەمدەهێندرێ و بە ملیۆنان بینەری هەیە.
هەروەها یەکێکیش بووە لەو کەسە ناسراوانەی هۆڵەندا کە بەردەوام وێنەی لەسەر بەرگی گۆڤارە ناسراوەکانی ئەو وڵاتە چاپکراوە.
فیلیپ کوڕی پرۆفیسۆری کۆچکردوو و شارەزای مێژووی کۆنی کوردستان جەمال ئەحمەد رەشیدە. ئەو پرۆفیسۆرەی بە کتێب و لێکۆڵینەوەکانی بەشێوەی زانستییانە مێژووی شێوێندراو و تۆزلێنیشتووی کوردستانی ساخ دەکردەوە.
فیلیپ ماوەیەکی زۆرە لە دوبەی دەژیت و لەوێ وەک دەرهێنەر کاردەکات. کاتێک لە هۆڵەندا ئەو بەرنامانەی پێشکەش کردوون کە هەزاران بینەریان هەبووە، جەمال رەشیدی باوکی پێیگوتووە: لەجیاتی ئەوانە، چیرۆکی کوردستان بگێڕەوە.
ئەو لە بەرنامەی دیاسپۆرای ئەمجارەدا (کە ئەمشەو، هەینی، کاژێر 21:00 بەکاتی هەولێر پێشکێش دەکرێت)، دەیگێڕێتەوە، چۆن لەژێر کاریگەریی باوکی بڕیاریداوە لەڕێگەی سینەماوە کار بۆ ناساندنی کوردستان و دۆزەکەی بکات. هەروەها هەندێک دیمەن و دەنگ و زانیاریی پێشتر نەبیستراو و نەبیندراو لەسەر باوکی دەدرکێنێت.
دەقی هەڤپەیڤینەکە
رووداو: بۆچی فیلمێک لەسەر جەمال رەشید؟
فیلیپ رەشید: پێش هەموو شتێک فیلمەکە راستەوخۆ لەسەر باوکم نییە، بەڵکو فیلمێکە وەک رێزلێنانێک بۆ باوکم. چونکە چیرۆکەکە دەربارەی گەنجێکی کوردە. ئەو کوڕە بچکۆلەیەی لە ناوچەی بایلمێری ئەمستەردام گەورە دەبێت و ناوی جەمالە. واتە هاوناوی باوکمە. ئەو کوڕەی بە تەواوی لەگەڵ دەوروبەرەکەیدا ناگونجێ، شوێنە ئارامەکەی خواردنگەیەکی شاورمەیە. لەوێ لەلایەن کەسایەتییەکی ئەفسانەیی سۆمەرییەوە رێنمایی دەکرێت و ئاگاداری رابردووی خۆی دەکرێتەوە. ئەو چیرۆکە و ئەو لایەنە ئەفسانەییە و ئەو زانیارییانە لەسەر سۆمەرییەکان، بە تەواوی لەسەر بنەمای میراتی باوکمە کە بۆم ماوەتەوە.
رووداو: بۆ ئێستا ئەو فیلمەت دروستکرد؟
فیلیپ رەشید: چونکە ئێستا بۆی ئامادەم. یەکەم دەقی چیرۆکەکەم ١٥ ساڵ لەمەوپێش نووسی. ئەوکات هۆڵەندا و جیهان ئامادە نەبوون بۆ ئەو جۆرە چیرۆکانە. نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر، پێگی گێمێرتس، کە بەرهەمهێنەری فیلمەکەیە، دەقەکەی هەڵگرت و پێشکەشیکرد وەک پڕۆژە. ئیتر ئێستا لێرەین، وێنەمان گرتووە و زۆر جوان دەرچووە. کاستێکی نایابمان هەیە کە تێکەڵەیەکە لە خەڵکی کورد و هۆڵەندی و سوورینامی.
رووداو: پێش هەڤپەیڤینەکەمان لێمپرسیت بۆچی بە زمانی هۆڵەندی دروستتکردووە، لە کاتێکدا ئەوەی جەمال ڕەشید باسی دەکات، بە تایبەتی مێژوومان و ڕەگ و ڕیشەمان، شتێکی سەرنجڕاکێشە بۆ هەموو کەسێک لە جیهاندا. چونکە باسی یەکەم شارستانیەتە کە لەکوێوە هاتووە و چۆن هاتووە؟
فیلیپ رەشید: فیلمەکەم چیرۆکێکی ریالیزمی جادووییە و گۆڕەپانەکەی هۆڵەندایە. چونکە من لێرە گەورە بووم. باوکم وایکرد ئێمە لێرە بەسەلامەتی گەورە بین. دایکم منی بەخێوکرد. بۆیە زمانی قسەکردنی فیلمەکە هۆڵەندییە، بەڵام زۆربەی دیالۆگەکان بە کوردی و سۆمەرین. بۆیە لێکۆڵینەوەی زۆرمان کردووە و لەگەڵ ئەکتەرەکانیش هەوڵمانداوە هەستێکی سرووشتی و واقیعیی پێببەخشین. پێموایە ئەوەی چیرۆکەکەش تایبەتتر دەکات، ئەوەیە کە زۆر جار چیرۆکی دیاسپۆرای کوردی بەمشێوەیەی ئێمە کردوومانە ناگێڕدرێتەوە.
رووداو: کارنامەیەکی درێژت لە میدیا و سینەما و تەلەڤیزیۆنی هۆڵەندیدا هەیە. ئەم پڕۆژەیە قورسترین کارت بوو کە کردبێتت یان کاری قورستریشت هەبووە؟
فیلیپ رەشید: تایبەتمەندیی ئەمە ئەوەیە کە ئەو پڕۆژەیەیە کە 15 ساڵ لەمەوپێش وایلێکردم بڕیار بدەم لە دەرەوەی هۆڵەندا کاربکەم. چونکە لێرە گڵۆپی سەوزم وەرنەگرت بۆئەوەی دروستی بکەم. بۆیە وا بیرمکردەوە: ئەگەر بمەوێ چیرۆکەکانی ئەو ناوچەیەی خۆمان بگێڕمەوە، دەبێ لەوێ بم. ئیتر ئێستا لێرەین، 15 ساڵ دواتر، بە هەمان ئەو پڕۆژەیەی یەکەم پڕۆژەشە وەک دەرهێنەر لە هۆڵەندا وێنەی دەگرم. بۆیە لەو رووەوە زۆر تایبەتە بۆ من.
رووداو: چیی نوێ هەیە کە ئێمە وەک کورد دەربارەی جەمال ڕەشید یان میراتەکەی نەیزانین و لێرە لەو فیلمەدا بیبینین؟
فیلیپ رەشید: بۆ ئەوەی بابەتە کەسییەکە بزانیت، شتێکت بۆ باسدەکەم. من کارە "باوەکانم" وەک پێشکەشکار بۆ کەناڵە هۆڵەندییەکانی وەک MTV و VPRO دەکرد. هەمووی لەسەر بنەمای هیپ هۆپ و هونەرە جەنگییەکان بوون. ئەو سەیری دەکرد و لێیدەپرسیم: بۆچی سەرقاڵی ئەو شتانەی؟ بۆچی چیرۆکەکانی کولتووری خۆمان ناگێڕیتەوە؟ ئەم فیلمەی ئێستام یەکەم پڕۆژەیە کە لەوەوە سەریهەڵداوە. ئەمە ئەو تۆوە بوو کە ئەو لە مندا چاندی، بۆئەوەی ئەو جیهانانە پێکەوە گرێبدەم و بە شێوازێکی خەیاڵی بیگێڕمەوە.
رووداو: پێشتر ئەو کارەت بۆ کورد کردبوو؟
فیلیپ رەشید: نەخێر، هەرگیز بەوشێوەیە نا.
رووداو: ئەگەر ئێستا بیری لێ بکەیتەوە، پێتوایە دەبووایە زووتر ئەوەت بکردایە؟
فیلیپ رەشید: پێشتر هەوڵمداوە. لەگەڵ باوکم زۆر حەزماندەکرد پێکەوە فیلم دروست بکەین و زۆر قسەمان لەسەر کرد. بەڵام سەختییەکانی ژیان هاتنە پێشەوە و جەنگ هاتە پێشەوە. بۆیە ئێستا پێموابوو کاتی ئەوەیە بە شەخسیترین شێوە ئەو کارە بکەم. هەروەها هەرگیز نەمتوانی ماڵئاوایی کۆتایی لە باوکم بکەم. چونکە کاتێک گیانی سپارد، شەڕی داعش هەبوو. من ئەو کاتە لەگەڵی نەدەژیام و ئەوە زۆر قورس بوو. بۆیە بەمشێوەیە دەمەوێت ئەو یادەوەرییەش زیندوو بکەمەوە.
رووداو: بەمدواییانە کاتێکی زۆرتان پێکەوە بەسەردەبرد؟
فیلیپ رەشید: ماوەیەک خزمەتم دەکرد. هەڵبەت ئەو پیاوێکی یەکجار سەربەخۆ بوو و بەڕاستی ئەوەی دەکرد کە خۆی دەیەویست. لە قۆناخێکدا باری تەندروستیی زۆر باش نەما، کە زۆرتر بەهۆی نەخۆشیی شەکرەوە بوو. ئەوکاتە بردمە نەخۆشخانە، هەرچەندە خۆی نەیدەویست. بەڵام من هەموو رۆژێک دەرزیی ئەنسۆلینم لێدەدا. چونکە خۆی نەیدەویست ئەو کارە بکات. زۆر تایبەت بوو کە ئەو ماوەیە بە چەندین شێوازی جیاواز و زۆر نزیک پێکەوە بووین.
رووداو: باوکت چی لەسەر کوردبوون و گەلەکەی گوتووە کە هەمیشە لە یادی تۆدا ماوەتەوە؟
فیلیپ رەشید: کاتێک بیری لێدەکەمەوە، بیر لە یەک رستە دەکەمەوە. خێزانەکەم هەرگیز بە فیلیپ بانگیان نەدەکردم. پێیاندەگوتم ئالان. کاتێک تەمەنم نزیکەی ٣ ساڵان بوو، ڕستەیەکی هەبوو و بە دەنگی بەرز پێی دووبارە دەکردمەوە: (من ناوم ئالانی گەلی کوردە). ئەوە هەمیشە لە یادم ماوەتەوە. هەمیشە دەیویست بزانم مێژووەکەمان چەند جوان و دەوڵەمەندە. هەروەها ئەوەی کە ئێمە یەکێکین لە کۆنترین گەلانی سەر ئەم هەسارەیە، بە مێژوویەکی زۆر تایبەتەوە. گەیاندنی ئەمەی بە ئەرکی سەرەکیی ژیانی دەزانی. وەک خۆت دەزانیت هەوڵیدەدا ئەمە بە جیهان بگەیەنێت. ئەوە بگەیەنێت کە ئێمەش مافی بوونمان هەیە…. ئەمە هەمان ئەو شتەیە کە منیش بەم فیلمە دەمەوێت بیکەم. ئێمەی کورد لە میدیاکانی جیهاندا دەرناکەوین، لە هەواڵەکاندا ناومان نایەت. خەڵک نازانێت کە ناوی ئێمە (کور) و (کوردا) پێشتر لەسەر تاتە قوڕینە کۆنەکانی شارستانیەتی سۆمەریدا باسکراوە. دەمەوێ ئەمە بە هەموو جیهان بگەیەنم. پێیانبڵێم: ئێمە هەین، بوونمان هەیە و مافی ئەوەمان هەیە قسەی خۆمان بکەین.
رووداو: تۆ لە هۆڵەندا گەورە بوویت، بەڵام لە بولگاریا لەدایک بوویت، لە دایکێکی بولگاری و باوکێکی کورد. هەستدەکەم زیاتر کوردیت وەک لەوەی بولگاری یان هۆڵەندی بیت. وایە؟
فیلیپ رەشید: بۆچی وا بیرتکردووەتەوە؟
رووداو: لە قسەکانتەوە دیارە. لە قوڵایی دڵتەوە باسی کوردستان، باسی مێژووەکەمان و خەڵکەکەمان دەکەیت.
فیلیپ رەشید: باشە، ئەمە بەشێکی گەورەی بوونی منە. چونکە زۆر بیری دەکەم و لەگەڵیدا گەورە نەبووم. بۆیە پەیوەندییەکی زۆر قووڵم لەگەڵی هەیە. رەنگە خەڵک بە شتێکی ئاسایی بزانێت کە لە وڵاتی خۆیدا گەورە بێ، بە خواردنی خۆی و هەموو شتێکییەوە. من هەموو ئەوانەم لەدەستچووە. بۆیە نرخێکی زۆری بۆ دادەنێم.
رووداو: ئەوە لەبەر ئەوەیە کە جەمال رەشید باوکت بووە؟ یان دواتر خۆت ئەو هەستەت بۆ دروست بوو کە بڵێی: من کوردم، دەبێ زیاتر لەوبارەیەوە بزانم؟
فیلیپ رەشید: بێگومان هەمیشە لەڕێگەی باوکمەوە ئەوەم پێ گەیەندراوە. کاسێتێکی دەنگیی کۆنیشمان هەیە کە تێیدا فێری ناسنامە کوردییەکەمم دەکات. ئەوە هەمیشە رۆڵی هەبووە، بەڵام لە خۆشمەوە دێت. هەمیشە زۆر حەزمکردووە ئەو پەیوەندییەم لەگەڵ باوکمدا هەبێت. زۆر حەزمکردووە پەیوەندیم لەگەڵ کولتوورەکەمدا هەبێت. چونکە لێی دابڕاوم. من بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئازارم بینیوە، نەک راستەوخۆ، بەڵام بێگومان کاریگەریی لەسەر هەموو شتێکی ژیانم هەبووە.
رووداو: کەسوکارت لە کوردستان هەیە، پەیوەندیت لەگەڵیان چۆنە؟
فیلیپ رەشید: پەیوەندییەکی جوان و باشە.
رووداو: ئاوا؟
فیلیپ رەشید: بەڵێ، پەیوەندییەکی زۆر خۆش و گەورەیە. دەزانیت ئەوەش زۆر جوانە. چونکە ئێمە لە هۆڵەندا لەنێو خێزانێکی زۆر بچووکدا گەورە بووین. دواتر کەسوکارە گەورەکەی کوردستانم بینی. لە بولگاریاش هەروایە. لەوێش ماڵباتێکی زۆر گەورەمان هەیە. ئەوە خۆش بوو کە چۆن پوورەکانم لە کوردستان شەڕیان دەکرد لەسەر ئەوەی کێ خواردنمان بۆ لێبنێت. توخوا ئەمە جوان نییە؟ دەزانی، کولتوورەکەمان گەرموگوڕە.
رووداو: واتە سەردانی کوردستانت کردووە؟
فیلیپ رەشید: بەڵێ. یەکەمجار ساڵی 2000 و دواتر لە ساڵی 2019. لە ساڵی 2010 ویستم بچمە ئەوێ بۆئەوەی فیلم دروست بکەم. ئەوکاتە لەگەڵ باوکم لەلای وەزیری رۆشنبیری دانیشتین بۆئەوەی قسە بکەین لەسەر ئەوەی چۆن دەتوانین بەشداری لە گێڕانەوەی چیرۆکەکانی کوردستان بە شێوازی سینەمایی بکەین. دەزانیت پێشتر چیرۆکگێڕانەوە زۆرتر بە کتێب بوو. لەوەش پێشتر هەمووی ئەو چیرۆکانە بوون کە بە زارەکی دەگێڕدرانەوە. بەڵام ئێستا ئێمە لە سەردەمی میدیای بینراودا دەژین. بۆیە دەبێت چیرۆکەکانمان بەشێوەیەکی بینراو بگێڕدرێنەوە. زۆر گرنگە ئەو چیرۆکانە بە جیهان بگەیەنین.
رووداو: با بگەڕێینەوە سەر فیلمەکە. زەحمەتییەکی زۆرتان کێشا بۆ وێنەگرتنی؟ تەواو بووە، وانییە؟
فیلیپ رەشید: ماوەی ساڵێک سەرقاڵی بووین و بەڕاستی تیمێکی زۆر باشمان هەبوو. توێژینەوەیەکی زۆریشمان کرد. پڕۆفیسۆرێک یارمەتی بەشە سۆمەرییەکەی دا. چونکە هەرچەندە تیۆری هەن، بەڵام کەس بە تەواوی نازانێت زمانەکە چۆن گۆ کراوە و چ دەنگێکی هەبووە یان خەڵکی سۆمەری چ جۆرە جلوبەرگێکیان لەبەرکردووە. بۆیە بەڕاستی هەوڵێکی زۆر زیاترمان دا بۆ ئەوەی بیکەینە بەرهەمێکی باش. ئەوەی ئێستا کورتە فیلمێکی 15 خولەکییە. بێگومان گەورەترین بودجەی بۆ تەرخان نەکراوە، بەڵام خۆشەویستی و حەزێکی زۆری تێدایە. و هیوادارین ئەمە ببێتە (Proof of Concept)، واتە بەڵگەیەک بۆ ئەوەی بتوانین فیلمێکی گەورەتری لێ دروست بکەین.
رووداو: ئێمە لە هۆڵەندا تۆمان وەک ئەکتەری بەنێوبانگ، وەک پێشکەشکاری تەلەڤیزیۆن، جارێکیش وەک لە بواری سەمادا و ئێستاش وەک دەرهێنەر بینیوە. جگە لەوانە چیی دیکەیت؟
فیلیپ رەشید: یەکەم شت مرۆڤم. ئەمە خۆشییەکەیەتی، کە دەمەوێ چیرۆکی مرۆیی بگێڕمەوە. هەمووی شتێک لەوێوە سەرچاوە دەگرێت. هەموو شتێک کە کردوومە لەو پاڵنەرەوە بووە: من هەم، کەسێکم، شتێکم هەیە بۆئەوەی بیڵێم. بۆیە مرۆڤایەتی گرنگترین شتە لە فیلمەکانمدا. بەتایبەتیش بابەتەکانی ناسنامە، مرۆڤایەتی و رۆڵدان بە پاڵەوانی ژێردەستە (ئەندەردۆگ).
رووداو: ئەم فیلمەت لە هۆڵەندا دروستکردووە، فیلمی داهاتووت لە وڵاتی خۆت، کوردستان، دروست دەکەیت؟
فیلیپ رەشید: هیوادارم بتوانم ئەو پردە دروست بکەم. کارەکانی من رێبازێکی نێودەوڵەتییان هەیە. من بە تەواوی باوەڕم بەوە هەیە، چونکە بێگومان خۆم کەسێکی نێودەوڵەتیم. هەروەها بڕوام وایە دەتوانین چیرۆکەکانی کوردستان وا بگێڕینەوە کە بتوانن بگەنە خەڵکی جیهان. زۆریش حەزدەکەم ئەمە لەڕێگەی فیلمی سینەماییەوە بێت. چونکە ئەوە ئەو شتەیە کە من دەتوانم پێشکەشی بکەم.