کوردێک و ئەلبانییەک هاوژینن و بە کوردییەکی شیرین چیرۆکەکانیان دەگێڕنەوە


رووداو دیجیتاڵ

فەراتی کورد و دیران، هاوژینە ئەلبانییەکەی، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بوونەتە ناوی ناسراو، ئەوان چیرۆکەکانیان بە زمانی کوردی دەگێڕنەوە و باسی ژیانی خۆیان لە شاری دویسبورگی ئەڵمانیا دەکەن. 
 
فەرات و دیران، دوو هاوژینی کورد و ئەلبانی، چیرۆکی خۆیان بۆ بینەرانی رووداو گیرایەوە، فەرات پیاوێکی کوردە و خەڵکی شاری دێرکی رۆژئاوای کوردستانە، ئەو لە سەرەتای 2004ـەوە لە ئەڵمانیا دەژی و ژیانی خۆی لە سفرەوە دەستپێکردووە، شانازی بەوە دەکات کە یەکەمین گەنجی کوردی گوندەکەیان بووە هاتووەتە ئەڵمانیا.
 
فەرات بە دڵخۆشییەوە باس لە هاوژینەکەی، دیران دەکات، کە کچێکی ئەلبانییە و زۆر بە باشی فێری زمانی کوردی بووە و دەڵێت: "هەر کاتێک دەبینم خانمەکەم کورد نییە، لەگەڵ دایکمان بە کوردی قسە دەکات، واتە من زۆر دڵخۆشم". ئەو پێیوایە فێربوونی زمانی کوردی قورس نییە بۆ هەر کەسێک کە لە دڵەوە بیەوێت.
 
حەلیم، کە ئێستا ناوی دیرانە و تەمەنی 37 ساڵە، بە دڵخۆشییەوە باس لە ژیانی هاوژینی خۆی لەگەڵ فەرات دەکات و دەڵێت: "من کچێکی ئەلبانیم، بووکی کوردم، زۆر دڵخۆشم، چونکە حەز دەکەم فێری کورمانجی ببم". 
 
دیران باس لەوە دەکات کە فەرات بەردەوام داوای لێدەکات بگەڕێنەوە کوردستان، تەنانەت دەڵێت: "هەر شایەتی ئەوەیە تاوەکو دەرگا دەکاتەوە دەڵێت 'ئێمە کەی دەچینەوە کوردستان؟'"، بەڵام دیران بەهۆی سەرماوە نایەوێت لە زستاندا بگەڕێنەوە و پێی باشترە لە نەورۆزدا بڕۆن.
 
دیران بەراوردێک لە نێوان جلوبەرگی کوردی و ئەلبانیدا دەکات، دەڵێت: "بۆ نموونە جلوبەرگی کورمانجی لە نەورۆز و ئاهەنگی هاوژینیدا، جلوبەرگی خۆمان یەک کراس و کەمێک زێڕە، بەڵام لای ئەلبانییەکان بۆ نموونە کاتێک دەچیتە ئاهەنگی هاوژینی جلوبەرگی زۆرە". 
 
هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە داب و نەریتی کورد و ئەلبانییەکان زۆر لە یەکەوە نزیکن، بە پێچەوانەی ئەڵمانەکانەوە.
 
فەرات داوا لە کوردی دیاسپۆرا دەکات زمانی کوردی لەبیر نەکەن و دەڵێت: "ئەو شتە بکەن و لەسەر ئەو ئامانجە بڕۆن و زمانی کوردی لەبیر مەکەن، بەبێ زمان ناتوانن، هەرکەسێک بیەوێت، دەتوانێت هەموو کاتێک فێری کورمانجی ببێت".
 
فەرات و هاوژینەکەی میوانی (دیاسپۆرا)ـی رووداو و بوون باسی چالاکییەکانی خۆیان و کاریگەریی ڤیدیۆکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کرد، فەرات و دیران باسی سەرەتای پەیوەندییەکەیان کرد و ئەوەیان خستەڕوو، چۆن بڕیاری هاوژینیان داوە. فەرات، ئاماژەی بەوەدا، سەرەتا رووبەڕووی هەندێک دژواری بوونەتەوە، بە تایبەت لەلایەن کەسوکار و خزمانیانەوە و دەڵێت: "هەر لە سەرەتاوە سەختی هەبوو، چونکە من بە کەسوکاری خۆمم دەگوت کە دەمەوێت کچێکی ئەلبانی بێنم، هەندێک لە کوردەکان ترسیان هەبوو، بەڵام ماڵباتەکەم زۆر پشتیوانییان کردم". 
 
دیران بە هێمنی و لەسەرخۆیی توانی ئەو کۆسپانە تێپەڕێنێت و خۆی لە دڵی کەسوکاری فەراتدا جێبکاتەوە، فەرات بە خۆشییەوە دەڵێت: "ئێستا باشترە و دایکی من زۆری خۆشدەوێت و پەیوەندییەکانیان زۆر باشن و هیچ کێشەیەکیان نییە".
 
سەبارەت بە ناوی کچەکەیان شێرێ، فەرات روونیکردەوە، ناوەکە لەلایەن خزمانی دیرانەوە قبووڵکراوبوو و گوتی: "کاتێک ناومان لێ نا شێرێ، ئەلبانییەکان زۆر پێیان خۆش بوو، دەڵێن هەر ژنێک دەبێت شێری مێردەکەی بێت، شێرەکەی منیش باشە، بەڕاستی شێرە".
 
دیران سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ کوردستان گوتی: "کوردستان زۆر خۆشە و خەڵکەکەی زۆر گەرم و گوڕن، بەڕاستی شوێنێکی جوانە و باشترە لە ئەلبانیا". 
فەرات باسی لێکچوونی نێوان کولتووری کوردی و ئەلبانی کرد، بە تایبەت لە جەژنەکان و میوانداری و خواردنەکاندا و گوتی: "نەورۆز و جەژنەکانی ئێمە وەکو یەکن، خواردنەکانیشمان لێکچوونی زۆریان هەیە، بۆ نموونە گۆشت و برنج".
 
سەبارەت بە ئاسانکارییەکانی ژیانی هاوبەش لە دیاسپۆرا، فەرات گوتی: "سەختی هەیە، بەڵام من لە سەرەتاوە دیرانم ئاگادارکردەوە کە دەبێت زمانی کوردی فێر بێت و رێز لە دایک و باوکم بگرێت، هەروەها دەبێت فێربێت کولتوور و داب و نەریتەکانی ئێمە چییە، دیران تائێستا بە شێوەیەکی باش زمانی کوردی فێر بووە".
 
سەبارەت بە کاردانەوەی خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، فەرات گوتی: "زۆربەی کۆمێنتەکان ئەرێنین و خەڵکێکی زۆر خۆشیان بەم پەیوەندییە دێت و حەز دەکەن فێری زمانی کوردی ببن، بەڕاستی سەتان هەزار کەس لە ڤیدیۆکانمان رازین و کۆمێنتی باشیان بۆ ناردووین و زۆر دڵخۆشم کە خەڵک حەزی لە زمانی کوردییە".