لە بۆن فێستیڤاڵێک بۆ ناساندنی کولتوور و هونەری عەفرین بەڕێوەدەچێت
رووداو دیجیتاڵ
لە شاری بۆنی ئەڵمانیا، فێستیڤاڵێکی هونەری بۆ ناساندنی کولتوور و هونەری عەفرین بەڕێوەدەچێت، تێیدا ژمارەیەک هونەرمەندی کورد بە بەرهەمەکانیان بەشدارن.
ژیان سەعید، خانمە پەیکەرتاشی کورد، یەکێکە لە بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە و بە ستایل و کەرەستەیەکی نوێ کارەکانی پێشکێش دەکات.
ژیان سەعید، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، ئەمساڵ بەهۆی کێشەیەکی تەندروستییەوە نەیتوانیوە وەک هەمووجار بەرد بۆ کارەکانی بەکاربهێنێت، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ئەزموونێکی نوێ تاقی بکاتەوە.
گوتیشی: "ئەمساڵ ئەزموونێکی نوێم کردووە و بەکارم هێناوە. ئەم ئەزموونەش ئەنجامی ئەوە بوو کە نەمدەتوانی بەرد بەکاربهێنم لەبەر ئەوەی کێشەیەکی تەندروستیم لە دەستەکانمدا هەبوو و کارکردن بە بەرد سەخت بوو".
ئاماژەی بەوەدا کە ماددەیەکی لە هەویری کاخەز دروستکردووە و پێشتر لەلایەن هونەرمەندانی دیکەوە بەکارهاتووە، بەڵام هەر کەسە و بە شێوازی تایبەتی خۆی ئامادەی دەکات. گوتیشی: "ناچاربووم ماددەیەکی نوێ بدۆزمەوە... ئەم ماددەیەی من دروستم کردووە لە کاخەزە، پێی دەڵێن هەویری کاخەز. کاتێک وشک دەبێتەوە، زۆر پتەو و رەقە، بۆ ماوەیەکی زۆر دەمێنێتەوە".
بە گوتەی ژیان سەعید، ئەم کەرەستەیە ئەوەندە خۆگر و بەهێزە تەنانەت دەکرێت بۆ دروستکردنی مۆبیلیاتیش بەکاربهێنرێت.
جگە لە گۆڕانکاری لە کەرەستەی کارەکانیدا، ئەم خانمە هونەرمەندە لەم بەرهەمانەیدا ئاوڕی لە بابەتێکی فەلسەفی داوەتەوە و هەوڵیداوە پەیوەندیی نێوان مرۆڤ، زەوی و ئاسمان لە رێگەی هونەرەکەیەوە بخاتەڕوو.
فێستیڤاڵی هونەریی عەفرین لە ئەڵمانیا دەرفەتێکە بۆ کۆکردنەوەی هونەرمەندانی کورد و ناساندنی کولتووری دەوڵەمەندی ناوچەکە و کوردستان بە ئەورووپا.