لە فینلاند گفتوگۆ لەبارەی هۆکار و چارەسەرییەکانی "ناشرینکردنی وێنەی کورد" کرا
رووداو دیجیتاڵ
لە فینلەند بەدرێژایی رۆژ، دیاسپۆرای کوردی لەو وڵاتە و کەسانی ئەکادیمی لەسەر بابەتێکی سەرنجڕاکێش گفتوگۆیان کردووە، ئەویش ئەو دیاردە کۆمەڵایەتییانەن کە وێنە کورد ناشیرین دەکەن. لەوەش کۆڵدراوەتەوە کە چارەسەر بۆ ئەو دیاردانە چین.
رێبوار کەریمی، نووسەر و کۆمەڵناس سێمینارەکەی بەڕێوەبرد و میوانی (دیاسپۆرا) بوو، ئاماژەی بەوەدا، ئەم بابەتە پێویستی بە گفتوگۆی بەردەوام هەیە، چونکە وێنەی نەتەوەیی یان جڤاکی شتێکی دینامیکە و بەردەوام گۆڕانی بەسەردا دێت، روونیشی کردەوە، بیرۆکەی ئەم سیمینارە لە پڕۆژەیەکی 20 ساڵ لەمەوبەری حکومەتی فینلاندەوە سەرچاوەی گرتووە، تێیدا گرووپێک بە سەرۆکایەتی یۆرمان هۆلیلا، سەرۆکی پێشووی کۆمپانیای نۆکیا کاریان لەسەر وێنەی فینلاند لە جیهاندا دەکرد، بەڵام بەشێکی گرنگی کارەکانیان چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی ناوخۆی فینلاند بوو.
کەریمی، جەختی لەوە کردەوە، مەبەست لە "وێنە" تەنیا لایەنە جوانەکان نییە، بەڵکو گرتنەبەری تەواوی وێنەکە بە جوان و ناشرینەوە، بۆ ئەوەی بتوانرێت وێنەیەکی گشتگیر و باشتر پێشکێش بکرێت، گوتیشی: "ئێمە وەک نەتەوەیەک بە بەردەوامی بابەتی قسە و لێدوانی خەڵکین، هەم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەم لە دیاسپۆرا".
سیمینارەکە بە دوو لایەنی سەرەکیی وێنەی گرووپی کوردەوە خەریک بوو: یەکەم، پرۆسەی ناوخۆییی شێوهگرتنی ناسنامەی دەستەجەمعی کورد لە دیاسپۆرا، دووەم، جۆری پەیوەندیی کورد لەگەڵ ئەو وڵاتانەی تێیدا دەژین و چۆن میدیای ئەو وڵاتانە لەسەر کورد دەنووسن و باس لە کورد دەکەن.
د. مەریوان وریا قانیع و د. مینا عەلی، لەناو ئەو پسپۆڕانەدا بوون کە لە گفتوگۆکاندا بەشدار بوون، دکتۆر کەریمی ئاماژەی بەوەدا، یەکێک لە ئەنجامگیرییە سەرەکییەکانی سیمینارەکە ئەوە بوو، میدیا لە رۆژئاوا کێشە و دیاردە نێگەتیڤەکان گەورە دەکات و هەندێک جار حاڵەتی تاکەکەسی وەک تایبەتمەندی گرووپێک نیشاندەدات، کە دەبێتە هۆی خزمەتکردن بە دیسکورسێکی رەگەزپەرستی و ئەمنی لەو وڵاتانەدا.
بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە، سیمینارەکە چەندین خاڵی گرنگی خستەڕوو:یەکەمیان قسەکردن لەگەڵ بەرپرسانی فینلاند بوو، بەشێک لە بەرپرسانی فینلاند کە لەگەڵ کۆچبەران کار دەکەن، بانگهێشتی سیمینارەکە کران تا گوێ لە کێشە و روانگەکانی کورد بگرن و تێبگەن کە باسکردنی کێشەکان نابێت ببێتە هۆی ناشرینکردنی تەواوی گرووپێک.
دووەمیان، نیشاندانی فرەڕەنگی کۆمەڵگای کوردی بوو، یەکێک لە ئامانجەکان ئەوە بوو کە فینلاندییەکان ببینن کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگایەکی فرەڕەنگ و جیاوازە و ناتوانرێت هەموو جیاوازییەکان لە چوارچێوەی وێنەیەکی ناشرین و بچووکدا کۆ بکرێتەوە.
سێیەمیان، پەرەپێدانی کولتووری دیالۆگ بوو، سیمینارەکە جەختی لە پەرەپێدانی کولتووری دیالۆگ لەناو خۆی کورد و لەگەڵ فینلاندییەکان کردەوە، بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو وێنە نێگەتیڤانەی کە لە کورد نیشان دەدرێن و نیشاندانی جوانترین وێنەی پۆزەتیڤ لەخۆیان.
دکتۆر رێبوار کەریمی ئاماژەی بە چیرۆکێکی گەنجانی کورد لە هێزی دەریایی فینلاند کرد، کە سەربەرزی پێیانەوە دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی کە "بەناوبانگترین کوردی فینلاند" کوڕێکە کە بەهۆی تاوانکارییەکانییەوە ناسراوە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە میدیا زیاتر تیشک دەخاتە سەر لایەنە نەرێنییەکان.