شاباز زەمانی: چوار ساڵ سەرقاڵی ئامادەکردنی ئەلبوومی (یەکپارچە) بووین
رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند شاباز زەمانی، ئەلبوومێکی نوێی گۆرانیی بەناوی (یەکپارچە) بڵاودەکاتەوە کە لە 25 تراکی گۆرانی پێکهاتووە و کۆنسێرتێک بۆ ناساندنی ئەلبوومەکە سازدەکات.
زەمانی، ئەمڕۆ دووشەممە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە شاری سلێمانی، وردەکاریی بەرهەمهێنانی نوێترین ئەلبوومی گۆرانیی خۆی بەناوی (یەک پارچە) خستەڕوو، کە بڕیارە لە 12ـی کانوونی یەکەمی 2025 بڵاوبکرێتەوە و زنجیرە کۆنسێرتێکیش ئەنجام دەدات.
شاباز زەمانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ئەلبوومە نوێکەی لە 25 تراکی گۆرانی پێکهاتووە و ماوەی چوار ساڵە کار بۆ بەرهەمهێنانی دەکرێت. گوتیشی: "ئەلبوومەکە بەرهەمی چوار ساڵ ماندووبوون و شەونخونییە، ویستوومانە لە رووی هونەرییەوە ئاستێکی بەرزتری هەبێت و لەم ئەلبوومەدا زیاتر گرنگیمان لایەنی هونەری داوە".
سەبارەت بە شێوازی دابەشکردنی میوزیکی ئەلبوومەکە، هونەرمەند ئاماژەی بەوە کرد، کاری میوزیک و میکس و ماستەرینگی بەرهەمەکان لە ئێران، تورکیا و میسر ئەنجامدراون و میلۆدی و تێکستی زۆربەی گۆرانییەکان لەلایەن خۆیەوە نووسراون. هەروەها ژمارەیەک میوزیکژەن و هونەرمەند کاریان تێدا کردووە.
بڕیارە هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەلبوومەکە، رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، یەکەم کۆنسێرتی تایبەت بەم ئەلبوومە لە تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی بەڕێوەبچێت.
روونیشیکردەوە: "زنجیرە کۆنسێرتێکی سەرتاسەری ئەنجام دەدەین، کە لە سلێمانییەوە دەستپێدەکات و دواتر دەچینە کەرکووک، هەڵەبجە، هەولێر، دهۆک و رۆژهەڵاتی کوردستان، هەروەها پلانیشمان هەیە لە دەرەوەی وڵاتیش درێژە بە کۆنسێرتەکان بدەین".