فیفی عەبدە كەناڵێك بۆ سەما دەكاتەوە

رووداو – هەولێر
 
فیفی عەبدەی سەماكار و ئەكتەری میسری لە لێدوانێكدا بۆ گۆڤاری " زەهرەتول خەلیج"  رایگەیاند، ئەو بەنیازە كەناڵێكی ئاسمانی تایبەت بە سەماكردنی رۆژهەڵاتی بكاتەوە.

فیفی پێشتر لە بەرنامەی " ئەلحەكەم " لە كەناڵی ئێم بی سی توڕەببوو و گوتبووی، "خەڵكی وادەزانن سەماكارەكان شوێنگرەوەی لەشفرۆشەكانن"، هەروەها گوتبووی، "بەڵام من لەسەر ئەوە بێدەنگنابم، لەبەرئەوەی من سەماكارم و رازیش نیم لە ماڵەكان سەمابكەم و هیچ پەیوەندییەكیشم بەوانەوە نییە، كە پیشەكەیان ناشیرین كردووە".

فیفی عەبدە بۆ گۆڤارەكە ئاماژەی بەوەشداوە، كە ئەو بەشێوەیەكی چڕوپڕ خەریكی كۆبوونەوەیە لەگەڵ كاستی كەناڵەكەی، دەربارەی ئەو بابەتانەی، كە لە كەناڵەكە پەخشدەكرێت و گوتی " بەرنامەی تایبەت بە سەما پێشكەشدەكەین  و كەناڵەكەش بۆ هەموو سەماكارەكانی جیهانی كراوە دەبێت".

فیفی عەبدە هەروەها رایگەیاندووە، "دەمەوێت سیمای راستەقینەی سەمای رۆژهەڵاتی نیشانبدەم، لەبەرئەوەی ئەو كەناڵانەی هەن، ئاستێكی نەشیاویان هەیە".