سابیر رەشید رۆمانی "کتێبفرۆش" بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
نووسەر و رۆماننووسی کورد سابیر رەشید تازەترین رۆمانی خۆی بەناوی "کتێبفرۆش" بڵاوکردەوە کە لە تاران چاپکراوە.
سابیر رەشید بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند ناوەڕۆکی رۆمانەکەی باس لە کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و رۆشنبیرییەکانی تاکێکی کۆمەڵگەی کوردستان دەکات. ئەو کاراکتەرە هەم شاعیرە و هەمیش کتێبفرۆشە.
کاراکتەری سەرەکی رۆمانەکە ناوی ئومێد رەشپۆشە، ئومێد بەهۆی فرۆشتنی کتێبە قەدەخەکراوەکان و بڵاوکردنەوەی چاپکراوەکانی شاخ، چەند جارێک لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی رژێمی بەعس دەستگیر دەکرێت، دواجار سزای لەسێدارەدانی بۆ دەردەچێت، بەڵام لە پەتی سێدارە رزگاری دەبێت.
سابیر رەشید زیاتر لەبارەی ناوەڕۆکی رۆمانەکە قسە دەکات و دەڵێت: "بەعس هەوڵی کوشتنی ئومێد رەشپۆش دەدات، بەڵام ئەو کەسەی بۆ ئەو ئەرکە رادەسپێردرێت لە ژێر کاریگەری بیرکردنەوەکانی ئومێد دایە. بۆیە کەسەکە لە جیاتی کوشتنی ئومێد، خۆی دەکوژێت".
ئومێد وەکو پاشناوەکەی، کەسێکی چارەڕەشە، دەکەوێتە دوای ئەڤینداری ژنێک کە کۆتاییەکی تراژیدی هەیە. سابیر رەشید دەڵێت :"ئومێد دەکەوێتە داوی ئەڤینداری ژنێک، کە لە یانەیەکی شەوانە لە بەغدا رزگاری کردووە، بەڵام دواتر ژنەکە لێی هەڵدەگەڕێتەوە و حەز لە پیاوێکی دیکە دەکات، ئومێدیش بەرگەی ئەمە ناگرێت و لەسەر بانی ماڵی خوشکەکەی، خۆی فڕێدەداتە خوارەوە". هەروەها دەڵێت: "ئەنجامی رۆمانەکە و چارەنووسی پاڵەوانی رۆمانەکەم بۆ خوێنەر جێهێشتووە، بۆ ئەوەی خوێنەر بەشدار بێت لە دەستنیشانکردنی کۆتایی رۆمانەکە، کە راستییەکەی بێ کۆتاییە".
رۆمانەکەی سابیر رەشید لە 296 لاپەڕەی قەبارە مامناوەند پێکهاتووە، لە تاران چاپکراوە و خانەی ئاشتی سەرپەرشتی چاپەکەی کردووە. بڕیارە هەفتەی داهاتوو چاپی رۆمانەکە بگاتەوە هەرێمی کوردستان و بەسەر کتێبفرۆشییەکاندا دابەشبکرێت.
سابیر رەشید، لە 1957 لە شارۆچكەی شەقڵاوە لەدایكبووە، ساڵی 1981 كۆلێژی یاسا و رامیاریی زانكۆی بەغدای تەواوكردووە. لەساڵی 1981ەوە دەستی بە نووسین كردووە.
سەرنووسەری گۆڤاری "مەم" و دەستەی نووسەرانی گۆڤاری "دەنگارە" بوو كە لە شەقڵاوە دەردەچوون، هەروەها بەڕێوەبەری نووسینی گۆڤاری "هەرێمی كوردستان" و دەستەی نووسەرانی "نووسەری نوێ" بووە.
تاوەكو ئێستا نزیکەی 20 كتێبی لە بوارەكانی لێكۆڵینەوە و رەخنە بە چاپ گەیاندووە، چەندین كتێبی ئامادەیە بۆ چاپ لە ژانرەكانی رۆمان، چیرۆك و لێكۆڵینەوەی ئەدەبی.