تیمۆسی شالامێ و کایلی جێنەر بە جلی پڕتەقاڵییەوە بوونەتە باسی گەرمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان


رووداو دیجیتاڵ

لە میانی رێوڕيسمی نمایشکردنی فیلمی نوێی (Marty Supreme) لە لۆس ئەنجلسی ئەمریکا، دەرکەوتنی تیمۆسی شالامێ و کایلی جێنەر نەک تەنیا بەهۆی رەنگی جلەکانیانەوە، بەڵکو بەهۆی نمایشکردنی خۆشەویستییەکەیانەوە بووەتە مژاری گەرمی میدیا جیهانییەکان و کۆتایی بەو دەنگۆیانە هێنا کە باس لە جیابوونەوەیان دەکرد.
 
ماوەی چەند هەفتەیەک بوو گومانێکی زۆر لەسەر پەیوەندیی ئەم دووانە دروست ببوو، بەتایبەت کە لە 8ـی تشرینی یەکەمەوە لە یاریگەیەکی بەیسبۆڵ پێکەوە نەبینرابوون. گومانەکان کاتێک زیاتر بوون کە تیمۆسی لە نوێترین هەڤپەیڤینیدا لەگەڵ گۆڤاری (Vogue) ئامادە نەبوو هیچ قسەیەک لەسەر خۆشەویستەکەی بکات و گوتبووی: "بەبێ هیچ ترسێک دەیڵێم، بەڵام هیچم نییە بۆ وتن".
 
شەوی رابردوو، تیمۆسی (29 ساڵ) و کایلی (28 ساڵ) زۆر بە گەرمی لەسەر فەرشی سوور دەرکەوتن، دەستی یەکدیان گرتبوو و تیمۆسی بە سۆزەوە دەستی لە کەمەری کایلی ئاڵاندبوو، ئەمەش وەک پەیامێک بوو کە پەیوەندییەکەیان بەهێزە و جیانەبوونەتەوە. هەرچەندە دوای رێوڕەسمەکە، کایلی لەگەڵ هاوڕێیەکی لە یانەیەکی شەوانە بەبێ تیمۆسی بینراوە.
 
جلوبەرگەکان و نهێنیی رەنگی پڕتەقاڵی
 
دووانەکە بە رەنگی پڕتەقاڵیی تێر دەرکەوتن کە دیزاینی تایبەتی براندی (Chrome Hearts) بوو، کایلی جێنەر، عەزییەکی سەرنجڕاکێشی لەبەردا بوو کە بە بڕینی لایەکان و ملوانکەی خاچی گەورە رازێنرابووەوە. تیمۆسی شالامێ، قاتێکی چەرمی هەمان رەنگی پۆشیبوو، لەگەڵ جانتایەکی تایبەت بە راتەکەی تێنسی سەرمێز.
 

ستراتیژی بەبازاڕکردنی فیلمەکە
 
جگە لە لایەنە سۆزدارییەکە، هەڵبژاردنی ئەم رەنگە بەشێکە لە هەڵمەتێکی زیرەکانەی تیمۆسی بۆ فیلمە نوێیەکەی. چیرۆکەکە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی تشرینی دووەم، کاتێک تیمۆسی لە کۆبوونەوەیەکی ئۆنلایندا کە وەک بانگەشە بڵاوکرایەوە، پێداگری دەکرد کە رەنگی پڕتەقاڵی دەبێت ببێتە ناسنامەی فیلمی (Marty Supreme)، هاوشێوەی رەنگی پەمەیی بۆ فیلمی (Barbie).
 
تەنانەت پێشتر تیمۆسی بە گاڵتەوە باسی لەوە کردبوو کە دەبێت بۆ ریکلامی فیلمەکە پەیکەری ئازادی و تاوەری ئیڤڵ رەنگ بکرێن و باڵۆنی گەورە بە ئاسماندا بفرێنن، کە ئێستا بەشێک لەو خەیاڵانە وەک باڵۆنەکان و چاکەتە پڕتەقاڵییەکان بوونەتە راستی و ئەستێرەکانی وەک تۆم برەیدی و کریس جێنەر، دایکی کایلی ئەو رەنگەیان پۆشیوە.
 

لە رێوڕەسمەکەدا تیمۆسی لەگەڵ گوێنیس پاڵترۆ وێنەی گرت کە لە فیلەمکەدا رۆڵی گێڕاوە، بڕیارە فیلمەکە لە رۆژی 25ـی کانوونی یەکەمی 2025 لە سینەماکان نمایش بکرێت.