عادل ئیمام سەردانی کوردستان دەکات
رووداو- هەولێر
بڕیارە هونەرمەندی ناوداری میسری بواری کۆمیدی عادل ئیمام، سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و بەشداری لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی بکات.فوئاد جەلال، بەڕێوبەری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی لەمبارییەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند " لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانیدا چەندین کەسایەتی جیهانی لەبواری سینەما بەشداری تێدا دەکەن و لەنێویشیاندا عادل ئیمام، ئەکتەری بەنێوبانگی بواری کۆمیدیا لە میسرەوە دەگاتە سلێمانی".
فوئاد جەلال گوتیشی"فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی لە 10ی مانگی داهاتوو بەڕێوەدەچێت و چەندین فیلمی کوردی و جیهانی تێیدا بەشدارن و چەند سوپرایزێکیش هەن سەبارەت بە ئامادەبوونی ئەکتەرە جیهانییەکان، بەڵام جگە لە ئامادەبوونی عادل ئیمام، ئەوانی دیکە ئاشکرا ناکەین تاوەکو دەستپێکردنی فێستیڤاڵەکە".
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی بەسپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ ماوەی حەوت رۆژ لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت.