لە ئەڵمانیا کوردێک لە رێگەی ناوەندێکی تواناسازییەوە گرنگی بە منداڵان دەدات


رووداو دتجیتاڵ

لە ناوەندێکدا منداڵان فێری بیرکاری، ئینگلیزی، فیزیک و چەندین بابەتی دیکە دەبن، ناوەندەکە، کە ناوەکەی بە کوردی دەبێتە "بژاردەی ژیرانە"، لە چوار شاری ئەڵمانیادا لقی هەیە و دەرفەت بۆ هەموو منداڵێک دەڕەخسێنێت تاوەکو زانیاریی نوێ بەدەست بهێنێت و بەسەر ئاستەنگەکانی خوێندندا زاڵ بن.
 
ئۆرهان یڵدرم، دامەزرێنەری ناوەندەکەیە، ئەو خەڵکی نسێبینی باکووری کوردستانە و لە تەمەنی چوار ساڵیدا وەک پەنابەر رووی لە ئەڵمانیا کردووە، ئۆرهان دەڵێت، بەهۆی ئەوەی لە پرۆسەی فێربووندا رووبەڕووی ئاستەنگیی زۆر بووەتەوە، ویستوویەتی دەرفەتێک بۆ هەموو منداڵان بڕەخسێنێت تا زانیاری بەدەست بهێنن، بۆیە لە ساڵی 2015ـەوە ناوەندە فێرکارییەکەی دامەزراندووە و لەو کاتەوە لەگەڵ هاوکارەکانیدا خزمەتی منداڵان دەکەن.
 
ئۆرهان یڵدرم، دامەزرێنەری فێرگەی "بژاردەی ژیرانە"، دەڵێت: "کاتێک لەگەڵ خێزانەکەمدا گەیشتینە ئەڵمانیا، بۆم دەرکەوت کە خەڵکی ئێمە لێرە لە سەرەتادا بەهۆی نەزانی زمان و کەمیی زانیارییەوە چەندە ئازار دەچێژن، بۆیە بڕیارم دا کارێک بکەم کە خزمەتێک بێت بۆیان و ئەو بارگرانییەیان لەسەر کەمبکاتەوە."
 
هەموو دەستپێکێک بچووکە، کاتێک ئۆرهان یەڵدرم سەرقاڵی تەواوکردنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس بوو، بیری لە دامەزراندنی ئەم ناوەندە کردەوە بۆ یارمەتیدانی خەڵک، لە سەرەتادا تەنیا وانەی بە پێنج منداڵ دەگوتەوە، بەڵام وردە وردە ژمارەی خوێندکاران زیادی کرد.
 
یڵدرم، گوتیشی: "نزیکەی 10 ساڵ لەمەوبەر فێرگەیەکی بچووکم لێرە دامەزراند و ساڵانە نزیکەی سەت منداڵ روویان تێ دەکرد، زۆربەیان منداڵی پەنابەر و کورد بوون و زمانی ئەڵمانییان نەدەزانی، من شارەزای ئەو سیستەم و رێگایانە بووم کە چۆن بە خێرایی فێریان بکەم، هەر بۆیە دەستم پێکرد."
 
ئۆرهان یڵدرم هەر زوو ئامانجی خۆی ناسییەوە، کە بریتیبوو لە یارمەتیدانی خەڵک، لەسەر رێچکەی بیرۆکەکەی هەنگاوی نا و دوای 10 ساڵ، خەونەکەی هاتە دی.
 
دامەزرێنەری فێرگەکە روونیکردەوە: "خەونی من ئەوە بوو فێرگەیەکی نموونەیی دابمەزرێنم تاوەکو بتوانم یارمەتیی خەڵک بدەم، کاتێک بیرۆکەکەم بۆ کەسە نزیک و هاوڕێکانم باسکرد، پێکەنینیان پێی دەهات و دەیانگوت: تۆ باسی چی دەکەیت؟ ئەمە کارێکی یەکجار ئەستەمە. بەڵام من ئامانجێکم هەبوو و کۆڵم نەدا، بۆ دابینکردنی خەرجییەکان، داوای قەرزم لە بانکێک کرد، بەڵام بانکەکە بڕێکی کەمی پێدام، بەو بڕە پارەیە دەستمان بە کارەکانمان کرد و فێرگەکەمان بنیات نا."
 
ئێستا ناوەندەکە لە شەش شاری جیاوازی ئەڵمانیادا وانە بە منداڵان دەڵێتەوە و پرۆسەکەش بەردەوامە، ئۆرهان دەیەوێت هەمیشە لە پێشکەوتندا بێت و دەزانێت بۆ گەیشتن بەم ئامانجە چی پێویستە.
 
یڵدرم، ئاشکرای کرد: "پڕۆژەیەکی نوێمان هەیە بە ناوی "Klug-Wahl Digital"،  دیدگەی پڕۆژەکەش بریتییە لە دروستکردنی پەخشی دیجیتاڵیی "Klug-Wahl"ـی ئاسایی. ئەم سیستەمە بە جۆرێک داڕێژراوە کە لە هەر شوێنێکی جیهان بیت، دەتوانیت بە شێوەی ئۆنلاین بەشداریی لە وانەکاندا بکەیت، ئێمە بەردەوام کار لەسەر ئەم پڕۆژەیە دەکەین و دەمانەوێت فراوانتری بکەین، بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەکی فێربوون دروست بکەین و لە رێگەیەوە خوێندکاران لە سەرانسەری جیهان پێکەوە ببەستینەوە و یەکدی بناسن."
 
ئۆرهان یڵدرم گرنگییەکی زۆر بە مامۆستایانی ناوەندەکە دەدات و بەردەوام هەوڵدەدات دڵنیا بێتەوە لەوەی کە مامۆستاکان دەتوانن زۆرترین سوود بە خوێندکاران بگەیەنن، خوێندنی سەرەتایی لە ناوەندەکەدا بەخۆڕاییە و خوێندکار خۆی ئەو وانانە هەڵدەبژێرێت کە ئارەزووی لێیانە، ئەگەر دواتر ویستی بەردەوام بێت، ئەو کاتە بە بڕێک پارە دەدرێت.
 
یڵدرم، هەروەها گوتی: "مامۆستاکانمان زۆر لێهاتوو و ئەکادیمین، پێش ئەوەی دەستبەکار بن، پێویستە بەڵگەنامەی پێشینەی پاک لە پۆلیس بهێنن، بۆ ئەوەی دڵنیا بین لە رابردوویان، هەروەها لێکۆڵینەوە لە بڕوانامە و شوێنی خوێندنیان دەکەین و دڵنیا دەبینەوە کە ئایا شارەزاییان لە شێوازی وانەگوتنەوەدا هەیە یان نا، لەگەڵ چەندین پێوەر و مەرجی دیکەدا."
 
بۆ زۆر لە منداڵانی کوردی دیاسپۆرا نەک تەنیا ژمارەی قوتابخانەکان کەمن، بەڵکو دەرفەتی خوێندن بە زمانی دایکیشیان کەمە، بۆیە بەلای ئۆرهانەوە، بەدەستهێنانی زانست و زانیاری بۆ کوردان گرنگییەکی تایبەتی هەیە.
 
دامەزرێنەری فێرگەی "بژاردەی ژیرانە" گوتی: "بەلای ئێمەوە فێربوونی منداڵانی کورد و بەدەستهێنانی زانیاریی جۆراوجۆر زۆر گرنگە، پێویستیمان بە قوتابخانە و فێرگەی زۆر هەیە بۆ ئەوەی فێری زمانی دایکیان بن و شارەزای مێژوو و چاندی نەتەوەکەیان ببن. پێویستە بزانن نەتەوەکەیان چ نەهامەتییەکی بەسەر هاتووە، لە کاتێکدا کە خۆیان لە وڵاتێکی نامۆدان، ئێمە کوردین و لەم ناوچانەدا نوێین، بۆیە دەبێت لە هەموو بارودۆخێکدا هەوڵبدەین کارێکی باش بکەین و بخوێنین. ئەوەندە بخوێنە و خۆت پێبگەیەنە تاوەکو لەناو کۆمەڵگەدا جێگەی خۆتت هەبێت، لەم ژیانەدا، تەنیا لە رێگەی زانستەوە دەتوانیت رووبەڕووی ئەرکەکانت ببیتەوە و رێگای راست بدۆزیتەوە."
 
ئۆرهان یڵدرم نایەوێت تەنیا زانیاری بگوازێتەوە، بەڵکو دەیەوێت بۆ هەر منداڵێک دەرفەتێکی نوێ بڕەخسێنێت و ساڵ بە ساڵ هەنگاوی گەورەتر بنێت.
 
دامەزراندنی ناوەندێکی وەک "Klug-Wahl" لەلایەن کوردێکەوە، نیشانەی ئەوەیە کە زۆر لە کوردی دیاسپۆرا لە گرنگیی خوێندن و پەروەردە تێگەیشتوون، دەزانن دامەزراندنی فێرگەیەکی ئاوا چەندە قورس و سەختە، بەڵام ئۆرهان توانیی ئەو کارە ئەستەمە بکات و دەرفەت بۆ هەموو منداڵێک بڕەخسێنێت تاوەکو فێری زانست و زانیاری بێت و بۆ داهاتوویەکی باشتر هەوڵبدات.