نێچیرڤان بارزانی بۆ کۆچی دوایی بەیتۆجان: هەمیشە یادی بە زیندوویی دەمێنێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کۆچی دوایی هونەرمەند بەیتۆجان، سەرەخۆشی لە هاوڕێ و کەسوکارەکەی دەکات و دەڵێت، "هاوبەشی خەمتانم"
ئەمڕۆ سێشەممە، 12-09-2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی سەرەخۆشی بۆ کۆچی دوایی هونەرمەند بەیتۆجان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "کۆچی دوایی هونەرمەند بەیتۆجان ئێمەی خەمبار کرد. سەرەخۆشی لە ماڵبات و کەسوکار و هاوڕێیانی دەکەم، هاوبەشی خەمتانم."
بەیتوڵڵا گونەری، ناسراو بە بەیتۆجان لە ساڵی 1955 لە قەزای فارقینی سەر بە پارێزگای ئامەد لەدایکبووە. بەیتۆجان بە گۆرانییەکانی "ئاگر کەتیە دلێ من" و "دیاربەکر مالا من" ناوبانگی پەیداکرد، خاوەنی چوار ئەلبوومی گۆرانییە بە ناوەکانی، "یان مرن یان دیاربەکر"، "تە نادەن من"، "21ـی ئادار" و "ئەتونا دلێ من".
هونەرمەند بەیتۆجان یەکەم ئەلبوومی بەناوی "یان مرن یان دیاربەکر" لە ساڵی 1990 بڵاوکردەوە و ساڵێک دوای بڵاوبوونەوەی ئەلبوومەکەی بەرەو ئەوروپا کۆچیکرد و لە سوێد نیشتەجێبوو، دوای 23 ساڵ و لە ساڵی 2014 سەردانی ئامەدی کردەوە و کۆنسێرتێکی لە زێدی خۆی سازکرد.
دوای چوار ساڵ ململانێ لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجە، بەیتۆجان لە شاری ستۆکهۆڵم و دوور لە زێدی خۆی کۆچی دواییکرد.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هونەرمەند بەیتۆجان بە ئاواز و گۆرانی و هونەرە بەرزەکەی، جێگەیەکی شایستە و ئاستێکی بەرزی لە میوزیک و گۆرانیی کوردی دا گرتووە و هەمیشە یادی بە زیندوویی دەمێنێتەوە. گیانی شاد."