ئەکتەرە کوردەکەی بۆڵیوود داوای پشتگیری دەکات

رووداو دیجیتاڵ

وارینا حوسێن، کە وەکو یەکەم کچە ئەکتەری بە رەچەڵەک کورد لە سینەمای بۆلیوود ناسراوە، لە نوێترین پەیامی دا بۆ هەوادارە کوردەکانی، خۆشەویستیی خۆی بۆ دووپاتکردنەوە و هیوای خواست پشتگیریی لە نوێترین فیلمی بکەن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە نوێترین فیلمی بە ناوی Kis Kisko Pyaar Karoon 2 ئەمڕۆ نمایش دەکرێت. 
 
وارینا، کە لە دایکێکی ئەفغانی و باوکێکی کوردی خەڵکی خانەقین لە کابوولی پایتەختی ئەفغانستان لەدایکبووە، لە هەڤپەیڤینێکی کورت لەگەڵ تەیار عادل گۆران، نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە هیندستان رایگەیاند: "سڵاو هاوڕێیان، هیوادارم فیلمەکەمتان بەدڵتان بێت و بتوانن لە سینەماکان بینەری بن. خۆشەویستییەکی زۆر بۆ هەوادارە کوردەکانم دەنێرم و بەردەوام کۆمێنتەکانتان دەخوێنمەوە." هەروەها بەڵێنی دا کە "لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا" سەردانی کوردستان بکات.
 
وارینا حوسێن خاڵی وەرچەرخان لە ژیانی پیشەیی دا ئەو کاتە بوو کە لەلایەن ئەستێرەی دیاری بۆلیوود، سەلمان خانەوە، بۆ رۆڵی سەرەکی لە فیلمی Loveyatri لە ساڵی 2018 هەڵبژێردرا. ئەم فیلمە یەکەم دەرکەوتنی فەرمیی بوو وەکو ئەکتەر و دەرگای بۆ بەشداریی زیاتری لە پڕۆژەکانی بۆلیوود دا کردەوە، لەوانەش دەرکەوتنی لە فیلمەکانی وەکو Dabangg 3 و Yaariyan 2.
 
لە هەنگاوێکی نوێ دا، لە ساڵی 2025 ناوی پیشەیی خۆی بە فەرمی بۆ هیرا وارینا گۆڕی و ئێستا وەکو ئەکتەر و مۆدێل لە هیندستان بەردەوامە لە کارکردن.
 
دەقی قسەکانی تەیار عادل گۆران و وارینا:
 
تەیار عادل گۆران: وارینا، شتێک بە هەوادارەکانت لە کوردستان بڵێ؟
 
وارینا: سڵاو هاوڕێیان، چۆنن باشن. فیلمەکەم سبەی نمایش دەکرێت و هیوادارم بتوانن بچن بۆ سینەماکان، جا چ ئەوانەی لێتانەوە نزیکن یان دوورن. هیوادارم فیلمەکەتان بەدڵ بێت و خۆشەویستییەکی زۆر بۆ هەوادارە کوردەکانم دەنێرم. بەردەوام نامە و کۆمێنتەکانتان دەخوێنمەوە، بۆیە زۆر سوپاس بۆ هەموو ئەو خۆشەویستییە.
 
تەیار عادل گۆران: چ کاتێک سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەیت؟
 
وارینا: چ کاتێک بانگهێشتم دەکەیت؟
 
تەیار عادل گۆران: ئێستا من بانگهێشتت دەکەم.
 
وارینا: لە نزیکترین کاتتدا، لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا. بەدڵنیاییەوە، دەبێت بە زووترین کات بتانبینم. سوپاس.