بیڵی ئایڵش ئەلبوومێکی وێنەیی بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بیڵی ئایڵش، کچە گۆرانیبێژی ئەمریکی، ئەلبوومێکی نوێی وێنەیی و بەشێک لە یادەورییەکانی لە کتێبێکی وێنەییدا لە نیسانی 2021ـدا بۆ هۆگرانی بڵاودەکاتەوە.
ئەلبوومەکەی ئایڵشی تەمەن 19 ساڵ بە ناوی "Billie Eilish"ـە و لەلایەن کۆمپانیای "Grand Central Publishing" چاپ و بڵاودەکرێتەوە و بە سەتان وێنە لە قۆناخی جیاجیای ژیانی ئەو گۆرانیبێژە لە خۆ دەگرێت.
ئایڵش لەبارەی ئەلبوومە وێنەییەکەیەوە رایەگەیاند، لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا کاتی زۆر بۆ گەڕان بەداوی وێنەکاندا لە ئەلبوومی خێزانی و ئەرشیفی خۆیدا تەرخان کردووە. گوتیشی ئەو وێنانەی زۆر خۆش دەوێن و هیوا دەخوازێت هەوادارانی هێندەی ئەو وێنەکانیان خۆش بوێن.
بیڵی ئایڵش لە 18ـی کانوونی یەکەمی 2001 لە ئەمریکا لەدایکبووە، گۆرانیبێژ و تێکستنووسی گۆرانییە. لە 2015 بە گۆرانیی "Ocean Eyes" ناوبانگی پەیدا کرد.
یەکەم ئەلبوومی ستۆدیۆی ئەو گۆرانیبێژە بە ناوی "When We All Fall Asleep, Where Do We Go? " لە 2019ـدا بڵاوکرایەوە. براوەی پێنج خەڵاتی گرامی، دوو خەڵاتی میوزیکی ئەمریکی، سێ خەڵاتی ڤیدیۆموزیکی ئێم تی ڤی و خەڵاتێکی بریت و دوو ریکۆردی جیھانییە کە لە کتێبی گینس تۆمارکراون.