میکائیل ئەسلان: لە فێستیڤاڵی مونزوور زمانی تورکی باڵادەستە


رووداو دیجیتاڵ

میکائیل ئەسلان، هونەرمەندی کورد، رەخنە لە فێستیڤاڵی کولتوور و سرووشتی مونزوور دەگرێت و رایدەگەیێنێت، زمانی کوردی لە فێستیڤاڵەکەدا کەمتر گرنگیی پێدەدرێت و زمانی تورکی باڵادەستە.
 
بڕیارە 23یەمین فێستیڤاڵی کولتوور و سرووشتی مونزوور، کە لەلایەن رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی سڤیل لە دێرسمی باکووری کوردستان رێک دەخرێت، لە رۆژانی 24 تاوەکو 27ـی تەممووزی 2025 بەڕێوەبچێت.
 
ئامادەکارییەکان بۆ فێستیڤاڵەکە بەردەوامن، بەڵام بەهۆی ئەوەی شارەوانیی دێرسم لەژێر دەسەڵاتی قەییومدایە، ئەمساڵ پشتگیریی فێستیڤاڵەکە ناکات، ئاستەنگی گەورە، بەتایبەتی لە رووی داراییەوە، لە بەردەم فێستیڤاڵەکەدا هەن.
 
ئەسلان، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس"، رەخنەی لە ناوەڕۆکی فێستیڤاڵەکە گرت و ناڕەزایەیی خۆی دەربڕیوە و دەڵێت: "بە بڕوای من، لە بەرنامەکانی فێستیڤاڵدا زۆر کەم جێگە بە زمان، کولتوور و هونەری ئێمە دەدرێت. زمانی باڵادەست لەسەر شانۆ، لە گوتاری سیاسییەکانەوە تاوەکو پێشکێشکردنی بەرنامەکان، بە تورکییە. 80٪ـی چالاکی و نمایشە هونەرییەکانیش بە هەمان شێوەن."
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە: "هەرچەندە پێویستە فێستیڤاڵەکان رۆح و رەنگی ئەو شارانە پێشان بدەن کە تێیاندا ساز دەکرێن، بەڵام لە فێستیڤاڵی مونزووردا زمانی هەرێمەکەمان کەمترین مافی پێدراوە. هەڵوێستی فێستیڤاڵ بەرامبەر بەو سیستمە ستەمکار و پشتگوێخەرەی کە هەموو لایەنێکی کۆمەڵگەکەمانی گەمارۆ داوە، دەبێت ئەوە بێت کە خاوەنداری لە زمان، کولتوور، هونەر، سرووشت و باوەڕمان بکات و بیبووژێنێتەوە و بیگوازێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو."
 
ئەسلان، روونیشیکردەوە، وەک چۆن ژن ئافرێنەر و هەڵگری زمان، کولتوور و بڕوان، دەبێت منداڵانیش کە داهاتووی ئەوانن، دەبێت لە فێستیڤاڵەکەدا گرنگییان پێبدرێت.
 
میکائیل ئەسلان لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە، نابێت فێستیڤاڵی مونزوور وەک ئەو فێستیڤاڵانە سەیر بکرێت کە تەنیا بۆ خۆشی و کات بەسەربردن لە ناوچە گەشتیارییەکاندا ساز دەکرێن.