کتێبی مارەکانی کوردستان لە ئەڵمانیا چاپکرا؛ '41 جۆر هەن سێیان کوشندە'

رووداو دیجیتاڵ

کتێبێکی زانستیی مارەکانی کوردستان لە ئەڵمانیا چاپکرا و زانیاری سەرنجڕاکێشی لەسەر مارەکان لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان خستووەتەڕوو. یەکێک لە نووسەرەکانی دەڵێت، چەند جۆرێک مار هەن تایبەتن بە کوردستان و لە هیچ ناوچەیەکی جیهاندا نییە. لەوانە "ماری زێبرای زاگرۆسی".
 
لە کتێبەکەدا ئەوە ئاشکرا کراوە، کە 41 جۆر مار لە هەرێمی کوردستان هەن و تەنیا سێ جۆریان کوشندەن بۆ مرۆڤ، لەو سێ جۆرەش تەنیا یەکێکیان بەربڵاوە.
 
کتێبەکە بەناوی "مارەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق" لەلایەن 5 توێژەرەوە ئامادە کراوە، کە چواریان لە شاری سلێمانین و ئەوی دیکەش توێژەرێکی ئەڵمانییە.
 
سۆران حەمەعەلی، یەکێک لە توێژەر و ئامادەکارانی کتێبەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کتێبەکە بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و کوردی لە دەزگایەکی زانستیی لە ئەڵمانیا چاپکراوە".
 
چاپکردنی کتێبەکە بە ئینگلیزی و لە ئەڵمانیا، بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی کتێبەکە و بەخشینی زانیاریی زیاترە بە وڵاتانی جیهان سەبارەت بە مارەکانی کوردستان.
 
سۆران حەمەعەلی دەڵێت، دوو ساڵ کاتیان پێویست بووە بۆ ئامادەکردنی کتێبەکە. دەشڵێت، بەهۆی گرنگیی کتێبەکەوە لە دەزگای نێودەوڵەتی بواری خشۆکەکان (Chimaira) لە ئەڵمانیا چاپکراوە.
 
لەبارەی ئامانجەکەیانەوە ئەو توێژەرە گوتی: "ئامانجمان پاراستنی سەلامەتی خەڵکە و ئاشنابوونە بە مارەکانی کوردستان و جەختکردنەوەیە لە گرنگی و پاراستنیان".
 
سۆران حەمەعەلی ئاماژەی بەوە کرد، کتێبەکە زانیاری وردی تێدایە لەسەر سەرجەم ئەو مارانەی لە کوردستان هەن یان پێشبینی دەکرێت لە داهاتوودا بدۆزرێنەوە، کە خۆیان دەبیننەوە لە 41 جۆر، هەروەها دوو جۆر لە مارمێلکەی بێقاچ کە زۆرجار بە هەڵە وەک مار دەناسرێنەوە.
 
کتێبەکەدا لە چەند بەشێک پێکهاتووە، مێژووی توێژینەوەی خشۆک و وشکاوەکییەکان لە کوردستانی عێراقدا. جوگرافیا و جوگرافیای زیندەیی هەرێمی کوردستانی عێراق. (لە ئەفسانەکانەوە بۆ راستی: مارەکان لە ئەفسانەکان، کولتوور، و راستیەکان). شارەزابوون و هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ مارەکاندا (چۆنیەتی خۆپاراستن، گەڕان، وێنەگرتن، توێژینەوە لەسەر مارەکان).
 
سۆران حەمەعەلی دەڵێت: "لە نێو ئەو مارانەی ئێستا تۆمارکراون، تەنیا سێ جۆریان ژەهری کوشندەیە و مەترسی هەیە لەسەر مرۆڤ، لەو سێ جۆرەش تەنیا یەک جۆریان بەربڵاوە و مەترسیدارە لە سەرجەم ناوچەکانی  کوردستاندا".
 
ئەو توێژەرە زیاتر لەسەر مارەکانی کوردستان زانیاری دەدات و دەڵێت، "چەند جۆرێکی مار تایبەتن بە زاگرۆس لە هیچ ناوچەیەکی دیکە لە جیهاندا نادۆزرێنەوە، بۆ نموونە ماری زێبرای زاگرۆسی".
 
رەچەڵەکی مارەکان، هەمەجۆرییان، شێوازی بڵاوبوونەوەیان، جۆرە مەترسیدارەکان، مەترسی لەسەر مارەکان، ناوە کوردی و ئینگلیزییەکانیان، شێوازی زۆربوون و شوێنی مانەوەیان بەشێکی دیکەی ئەو زانیارییانەن لە کتێبەکەدا نووسراون.
 
لە نێو کوردەواریدا باس لە جۆرێکی مار دەکرێت بەناوی عاشق و مەعشوقە و گوایە یەکێکان بکوژرێت ئەوی دیکە تۆڵە دەکاتەوە، سۆران حەمەعەلی دەڵێت، لە کتێبەکەدا ئەوەیان خستووتەڕوو، کە "ئەو دوو مارەی لێکئاڵاون و پێیان دەڵێین عاشقە و مەعشوقە هیچ پەیوەندی بە خۆشەویستییەوە نییە و دوو ماری نێرن کە لەسەر زاڵبوون و ناوچەگەرێتی شەڕدەکەن لە وەرزی جووتبوونی مارەکاندا".
 
دانیاڵ جەبلۆنسکی، کۆرش ئارارات، سۆما ئیسماعیل مەجید، سامان عەبدولڕەحمان ئەحمەد و سۆران حەمەعەلی ئەحمەد، ئەو5توێژەرەن کتێبەکەیان ئامادە کردووە.