لە غەززە بە میوزیک کاریگەری جەنگ لەسەر منداڵان کەم دەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک گەنجن لە شاری غەززە، گرووپێکی میوزیکیان بۆ دوورکەوتنەوە لە کاریگەرییەکانی جەنگ دامەزراندووە.
یارا کچێکی تەمەن 17 ساڵە و ئەندامی گرووپەکەیە کە بەناوی (باڵندەکانی غەززە دەجریوێنن)ـە، رۆژانە راهێنان لەسەر ئامێرەکانی میوزیک، لەوانە شمشاڵ و ڤایۆلێن دەکەن.
یارا ئەبو عمەشە، فێرخوازێکە لە گرووپەکەدا و دەڵێت: "زۆر حەزم لە میوزیکە و ویستم ببمە بەشێک لەم گرووپە. لەو رێگەیەوە توانیم ورەم بەرزبکەمەوە و لە بیرکردنەوە، لە جەنگیش دوورکەومەوە. توانیم لە دەنگی خاپوورکردن و بۆردوومان دوورکەومەوە".
بەگوێرەی سەنتەری راهێنانی کۆمەڵگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان، ٪96ـی منداڵانی غەززە دەڵێن، مردن بەهۆی جەنگەوە مەترسییەکی راستەقینەیە.
هەروەها نیوەی منداڵانیش پێیانوایە لەم جەنگەدا دەمرن.
ئەو بیرکردنەوانە و بۆردوومانەکانی رۆژانە کاریگەری زۆری دەروونی لەسەر ئێستا و داهاتوویان دروستکردووە.
ئەحمەد ئەبو عەمشە، مامۆستای میوزیکییە و دەڵێت: "ئەم گرووپەمان بەناوی (باڵندەکانی غەززە دەجریوێنن) دامەزراند. ئەم گرووپە میوزیکی نیشتمانی، خۆشەویستی و ئاشتی دەژەنێت و ئامانجیان نەهێشتنی ئازاری دەروونی منداڵانە".
بەگوێرەی رێکخراوی نێودەوڵەتیی منداڵپارێزی، لە تشرینی یەکەمی 2023ـەوە، لە هەر کاژێرێک منداڵێک لە غەززە کوژراوە. ئەمە جگە لە بێسەروشووێنبوونی زیاتر لە 20 هەزار منداڵی کەرتەکە.