لە فێستیڤاڵێکی ئەمریکا کورتەفیلمێکی کوردی خەڵاتی باشترین فیلمی بیانی بەدەستهێنا
رووداو دیجیتاڵ
کورتەفیلمی (بکوژە) لە دەرهێنانی یونس ئیمگا، دەرهێنەری کورد، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی لۆنگ ئایلەندی نیویۆرک (NYLIFF) خەڵاتی باشترین فیلمی بیانیی بەدەستهێنا.
یونس ئیمگای (32 ساڵ) خەڵکی وانی باکووری کوردستانە، کاری نووسین، دەرهێنان و رۆڵی سەرەکیی لە فیلمەکەدا بینیوە. ئەمە یەکەم ئەزموونی دەرهێنانی بوو، تێیدا چیرۆکی دوو دژە پاڵەوانی گێڕاوەتەوە کە لە کاری مافیایی و نایاسایی تێوەگلاون.
گێڕانەوەیەکی جیاواز بۆ تووندوتیژی
یونس ئیمگا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کارەکتەرەکانی فیلمەکە بانگەشەی "مرۆڤی باش" ناکەن و بەبێ جیاوازیی کورد و تورک، ئەوان ئەنجامدەر و قوربانیی توندوتیژییەکی سیستەماتیکن.
یەکێک لە دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی فیلمەکە ئەوەیە کە کارەکتەری زازا بە شێوەزاری کورمانجی قسە دەکات. دەرهێنەر دەڵێت، ئەمەی بە ئەنقەست کردووە بۆ ئەوەی ئاماژە بەو جیاکارییە شاراوەیە بکات کە لە نێوان کورمانج و زازاکاندا هەیە.
لە کرێکارییەوە بۆ سینەما
یونس ئیمگا، لەپاڵ کاری ئەکتەریدا بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانی لە کرێکاری لە بیناسازیدا دەکات، ئاشکرای کرد، بودجەی فیلمەکەی بە تەواوی لەسەر ئەرکی خۆی دابین کردووە. گوتیشی: "چیرۆکەکەم نووسی، بەڵام بۆ ئەوەی بیکەم بە فیلم پێویستم بە پارە بوو. لە بیناسازیدا کارم کرد، ئەو پارەیەی دەستم دەکەوت کۆم دەکردەوە و لەگەڵ ئەکتەرەکانم پرۆڤەمان دەکرد، بەو شێوەیە فیلمەکەمان بەرهەمهێنا".
ئیمگا دوای تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی بە شێوەی دەرەکی، لە زانکۆ بەشی نواندنی خوێندووە.
چیرۆکێکی مافیایی
چیرۆکی فیلمی (بکوژە) باس لە دوو کارەکتەری مافیایی دەکات، ئەمەش پێچەوانەی ئەو گێڕانەوە باوانەیە کە تەنیا ململانێی نێوان کورد و تورک پێشان دەدەن. ئیمگا جەختی لەوە کردەوە، کارەکتەرەکان زۆر خراپن و بە ئاسانی مرۆڤ دەکوژن، بەمەش ویستوویەتی ململانێکان بە شێوەیەکی فرەڕەهەند بخاتەڕوو.
لەبارەی ناوی فیلمەکە، ئیمگا گوتی، بە مەبەستی سەرنجڕاکێشان ئەو ناوەی هەڵبژاردووە و ناوە ئینگلیزییەکەشی بە شێوەی راستەوخۆ وەرگێڕدراوەتە سەر (Kill).
گەڕانەوە بە خەڵاتەوە لە نیویۆرک
لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی لۆنگ ئایلەندی نیویۆرک، 136 فیلم کێبڕکێیان دەکرد. ئیمگا دەڵێت، بردنەوەی خەڵاتی "باشترین فیلمی بیانی" بۆتە پاڵنەرێکی گەورە بۆی.
ئەمە یەکەمجار بوو دەرهێنەر سەردانی ئەمریکا بکات و باسی لەوە کرد، بە تامەزرۆییەوە بەشداریی لە فێستیڤاڵەکەدا کردووە. لەوێ چاوی بە کەسانی زۆر کەوتووە و دەرفەتی بینینی چەندین فیلمی جیاوازی هەبووە.
پلانی داهاتوو
یونس ئیمگا بەنیازە دوای بەدەستهێنانی ئەزموونی زیاتر لە کورتەفیلمدا، دەست بە کاری فیلمی درێژ بکات. ئەو پلانی هەیە لە مانگی ئادار یان نیسانی داهاتوو کورتەفیلمێکی نوێ لە ئەڵمانیا بەرهەم بهێنێت، ئامانجی سەرەکیشی ئەوەیە لە داهاتوودا پڕۆژەیەکی فیلمی درێژ بە زمانی کوردی ئەنجام بدات.
ئیمگا گوتیشی: "من هونەرەکەم لەسەر بنەمای خۆم دادەڕێژم. بەتایبەتی حەز دەکەم لە فیلمێکی درێژدا چیرۆکی کچێکی کورد یان منداڵێکی کورد بگێڕمەوە و بە شێوازێکی فرەڕەهەند و فرەدەنگ پێشکێشی بکەم".