هەڤاڵ ئەبوبەکر: پەیوەندیی راستەوخۆمان لەگەڵ نزیکەی 700 شاری جیهان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری سلێمانی و شاندێکی ژووری بازرگانیی سلێمانی، لە شاری ئییوی چینن و یاداشتنامەی بوونە دەستەخوشکی سلێمانی و ئییو واژۆکرا.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ی تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمە هەنگاوێکی گرنگە، شاری ئییو ئێستا پایتەختی جیهانە بۆ ئابووری و بازرگانی و پیشەسازی. بەرپرسانی شارەکە دوای لێکۆڵینەوەیەکی زۆر شاری سلێمانییان وەک دەستەخوشک هەڵبژارد."
هەڤاڵ ئەبوبەکر گوتی: "یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەنێوان زانکۆی سلێمانی و ژووری بازرگانیی سلێمانی لەگەڵ شاری ئییو واژۆکرا. ئێمە لە سلێمانی پەیوەندیی راستەوخۆمان لەگەڵ نزیکەی 700 شاری جیهان هەیە."
بە گوتەی پارێزگاری سلێمانی، "بەرپرسانی شاری ئییو ئامادەی هەموو هاوکاری و هاوئاهەنگییەکن، لە ئاستی پەروەردە و فێرکردن، ژینگە، گەشەکردنی ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ سلێمانی."
هەڤاڵ ئەبوبەکر رایگەیاند: "رەوەندێکی کوردی بەهێزمان لێرە هەیە کە دەتوانن نوێنەرایەتییەکی باشی هەرێمی کوردستان بکەن. لە ئاییندەیەکی نزیکیشدا شاندێکی بەرپرسانی شاری ئییو سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن."