تەندروستیی شەهرام نازری جێگیرە و نەخۆشخانەی جێهێشت


رووداو دیجیتاڵ 

تەندروستیی هونەرمەند شەهرام نازری جێگیرە و نەخۆشخانەی جێهێشت. 
 
حەمیدڕەزا عاتفی، جێگری بەرپرسی ماڵی میوزیکی ئێران ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، دوای تەواوبوونی پڕۆسەی دەرمان و وەرگرتنی چارەسەر، هونەرمەند شەهرام نازری نەخۆشخانەی جێهێشتووە. دەشڵێت، دۆخی تەندروستیی شەهرام نازری جێی نیگەرانی نییە و ئێستا لەژێر چاودێریی پزیشک لە ماڵی خۆی پشوو دەدات.
 
هونەرمەند شەهرام نازری دوێنێ دووشەممە تەندروستیی تێکچوو و بەهۆی سستبوونی دڵەوە لە یەکەی چاودێریی تایبەتی نەخۆشخانەیەکی تاران خەوێندرا.
 
شەهرام نازری ساڵی 1949 لە کرماشان لە دایکبووە و زیاتر لە 40 ئەلبوومی گۆرانی بەرهەمهێناوە.
 
نازری چەندین خەڵاتی پێشکێشکراوە، لەوانە خەڵاتی شوالیەی فەرەنسا، خەڵاتی میراتی كولتووری رۆژئاوا و مەدالیای زێڕینی مەولانا. ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستانیش رێزی لێ گیرا و خەڵاتی وەزارەتی رۆشنبیری و مەدالیای زێڕینی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستانی پێبەخشرا.
 
هونەرمەند نازری لە رێوڕەسمەکەدا گوتی، لە ژیانیدا هەمیشە کاری بۆ ناساندنی فەرهەنگ و میوزیکی کوردی کردووە و هیچکام لە خەڵاتەکانی وەکو ئەو خەڵاتە نییە کە لە هەرێمی کوردستان پێشکەشی کراوە.