فێستیڤاڵی هونەر و کولتووری کوردی لە بەرلین سەرنجی ئەڵمانییەکان رادەکێشێت
رووداو دیجیتاڵ
هەموو ساڵێک لە بەهاردا، فێستیڤاڵی کولتوور و هونەری کوردی لە بەرلین بەڕێوە دەچێت، ئەمساڵیش کۆمەڵەی میتانی سەرنجێکی زۆر تایبەتی خستووەتە سەر رۆژئاوای کوردستان.
زۆر کەس لە فێستیڤاڵەکەدا بەشداربوون، کۆمەڵەی میتانی خۆی دەڵێت، ئەمساڵ لە ساڵانی پێشتر کەسانی بەرەگەز ئەڵمانی بەشداریی بەرچاویان هەیە.
مارتینا فلۆتەر، ئەڵمانییە لە فێستیڤاڵەکەدا بەشداربوو و دەڵێت: "من پەرستاری منداڵانم و بە تەواوی و لە دڵەوە فێری زمانی کوردی دەبم" و بە کوردی دەڵێت: "من باشم، زۆر سوپاس، تۆ چۆنیت؟"
چیرۆکی ژینا ئەمینی، کچی رۆژهەڵاتی کوردستان، هەموو جیهان دەیناسێت و هەموو جیهانی هەژاند، پێش دوو هەفتە کتێبێک لەبارەی ئەم مژارە بە ئەڵمانی بڵاوکرایەوە و لە فێستیڤاڵەکەدا خرایەڕوو.
سۆفیا بورچاردی، وێنەکێشی ئەڵمانییە و لەبارەی کتێبەکە دەڵێت: "ئەم کتێبە زیاتر بۆ منداڵانە، لەسەر چیرۆکی ژینا ئەمینی، زیلان سارا کۆسلەر ئەم چیرۆکەی نووسیووە و کلارا گیلۆد وێنەکانی کێشاوە".
گوتیشی: "ئەمە بۆ ئەو منداڵانەیە کە تەمنیان لە نێوان 6 بۆ 11 ساڵیدایە، مەبەستی کتێبەکەش ئەوەیە مرۆڤ لە ئەڵمانیا چیرۆکێک لەسەر ژنێکی کورد ببیستێت، چیرۆکێک لەسەر ئازادی و ئازایەتی، بەم شێوەیە منداڵان فێردەبن کە دەتوانن لەسەر چیرۆکە راستەقینەکان و لەسەر بابەتە قورسەکان قسە بکەن، پرسیاری زۆر سەرهەڵدەدات کاتێک مرۆڤ ئەم کتێبە دەخوێنێتەوە، بەڵام مرۆڤ دەتوانێت پێکەوە بەدوای وەڵامدا بگەڕێت، کەی و چۆن مرۆڤ دەڵێت نا".
سۆفیا بورچاردی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "ئێمە لەگەڵ دامەزراوەی یەکماڵ لە پەیوەندیدان، ئەوان گوتیان دەیانەوێت ئەم کتێبە بە کوردی چاپ بکەن، بۆ ئەوەی منداڵانی کوردیش بتوانن بیخوێننەوە، تەنانەت بە فارسیش".
روونیشیکردەوە: "نابێت زمان ئەوەندە لاوازبێت وەک بلێی تەنیا ماوە، نەخێر دەبێت چالاک بێت و دەوڵەمەندی بکەین، سەرەڕای ئەو هەموو زوڵم و زۆریەی بەسەر ئێمەی کورد لە چوار پارچەی کوردستان، بەڵام توانیومانە زمانی کوردی بەباشی بپارێزین، هەروەها زیندووهێشتنەوەی زمان پەیوەستە بە فێرکردنی منداڵەکانمان، ئەوانیش بتوانن قسەی پێبکەن و درێژەی پێبدەن".
زمان و کولتووری کورد بەردەوام بە سیاسەتەوە گرێدراون، گفتوگۆیەک لەمبارەیەوە لە نێوان دوو زمانزان و پسپۆر لەسەر کاریگەریی شۆڕشی سووریا لەسەر ئەدەب و زمانی کوردی لە فێستیڤاڵەکەدا بەڕێوەچوو.
رووداو کچێکی بیانی لە فێستیڤاڵەکەدا دەدوێنێت کە لەگەڵ هاوڕێ کوردەکەی هاتووەتە فێستیڤاڵەکە. یێن ترانم، پزیشکە و دەڵێت: "من مێژوو زۆر بە سەرنجڕاکێش دەبینم، منیش بەشداری گفتوگۆیەک بووم، هاوڕێکەم پێشتریش زۆر باسی کوردەکانی بۆ من کردبوو، بەڵام لێرە زیاتر شارەزا بووم، بابەتەکانیش زیاتر بوون دەتوانم لەگەڵ هاوڕێکەم لەسەریان قسە بکەم، ئەمە بۆ من سەرنجڕاکێشە، هەروەها حەزم لە جلوبەرگی کوردییە، لێرە زانیاری نوێم لەسەر ئامێرەکانی میوزیکش پەیدا کرد، شتانێک کە من پێشتر نەمدەزانی، ئەمە سەرنجم رادەکێشێت چونکە بۆ من شتێکی نوێ بوون".
گوتیشی: "من زۆر حەزم لە جلوبەرگی کوردییە و زۆر جوانن، بەڵام من گوتم، نازانم لە کوێ لەبەری بکەم، بۆیەش نەمکڕی، بەڵام خۆشە کە دەیبینم، بەڕاستی بالکێشە".
سابین وۆڵف، ئەڵمانییە و دەڵێت: "بە خۆشحاڵییەوە چاوەڕوانی خواردن و خواردنەوەکەمانم، من خاوەن پێداویستی تایبەتم، لێرە هەموو کەس یارمەتیدەرە، یارمەتیم دەدەن کە کورسییەکەم و بە دەستەکانی خۆم بگرم، من پێشتر چوومەتە فێستیڤاڵەکانی کوردی، چیژبەخشن، من حەزم بە میوزیک کوردییە و هاورێی کوڕم هەیە و بەشێکیان دەناسم، بەهۆی ئەوەی زۆرجار دێمە قاوەخانەی زمانەکان".
سارا ئیسماعیل، خوێندکارێکی کوردە و لەبارەی سەرنجڕاکێشی فێستیڤاڵەکە دەڵێت: "لە شاری تووبینگەوە هاتووم، لە کاژێر پێنجی بەیانی بەڕێکەوتم بۆ ئەوەی بگەمە بەرلین و بەشداریی لەو فێستیڤاڵە قەشەنگە کوردییەدا بکەم، ئەم فێستیڤاڵە بۆ زمان و کولتووری کوردی لێرە لە دیاسپۆرا زۆر گرنگە، لێرە زۆر شتی باش و خۆش هەن وەکو ناساندنی زمان و کولتووری کوردی بە بیانیانی ئامادەبووی فێستیڤاڵەکە، ئەوەی زۆر باڵکێش بوو فرۆشتنی جلوبەرگی کوردی بوو لێرە، هەروەها فرۆشتنی میدیالیای نەخشەی کوردستان کە خەڵک دەیانکڕی و بەسنگیانەوە دەنووساند بەگشتی بۆمن زۆر خۆش بوو".
بێناڤ مستەفا، یەکێک لە رێکخەرانی فێستیڤاڵەکەیە و لەبارەی ئەو رووداوە کولتوورییە کوردییە لە دیاسپۆرا، دەڵێت: "ئەگەر ئێمە بەراوردی فێستیڤاڵی ساڵی رابردوو بەم ساڵ بکەین؛ دەبینین ئەمساڵ زۆر جیاوازە، چونکە ئەمساڵ خەڵکی جیاواز هاتبوون، بەڕاستی ئەمساڵ ئەڵمانی زۆر هاتوون، هەروەها چەند کەس لە ئاسیاوە هاتبوون، هەروەها لە زۆر نەتەوەی جیاواز لێرە ئامادەبوون، ئەمەش بۆ ئێمە وەک سەرکەوتنێکە کە کەسانی دیکە ئێمە دەناسن".
گوتیشی: "تیمێکمان هەیە لە 10 کەس پێکهاتوون، هەریەک لە ئێمە زیاتر لە سێ چوار زمان دەزانین، بۆیە ئەمە پەیوەندییەکانمان بۆ ئاسان دەکات؛ بۆ نموونە، بەرنامەکەمان بە پێنج زمان بڵاوکردەوە، هەوڵمان دا کە لە کۆمەڵگە نا-کوردییەکان چالاک بین، وەکو کۆمەڵگە عەرەبی، ئەفریقی، لاتینییەکان بۆ ئەوەی دەنگمان بگەیەنین و ئێمە بانگهێشتی کەسایەتییەکانمان کرد، هەروەها چالاکین توانیمان سەرنجی میدیای ئەڵمانی بۆ فێستیڤاڵەکە رابکێشین و کارمان لەسەر بکات، بۆ نموونە رۆژنامەی تاز گوتارێکی لەسەر فێستیڤاڵەکە بڵاوکردەوە، ئەمەش یەکەمجارە کە رۆژنامەیەکی ئەڵمانی کار لەسەر فێستیڤاڵکە بکات، ئێمەش ماوەی چوار ساڵە ئەم کارە دەکەین، ئەزموونێکی باشمان هەیە کە بتوانین خۆمان بگەیێنینە زۆر خەڵک لە نەتەوەکانی دیکە، هیوامان ئەوەیە ئەم فێستیڤاڵە گەورەتر بێت، فراوانتر بێت، جیاوازتر بێت، هەم لە رووی ناوەڕۆکەوە، هەم لە رووی میوانانەوە، هەم لە رووی وۆرکشۆپەکانەوە، واتە ساڵانی رابردوو سەرنجمان زۆر لەسەر منداڵان نەبووە، ئەمساڵ وۆرکشۆپی شانۆی منداڵان هەیە، بە کوردی، ئەڵمانی، وۆرکشۆپی دەق هەن، ئێمە دەمانەوێت لە هەندێک بواردا پێشکەوتووتر بین، هەندێک بوار گەورەتر بکەین، بۆ نموونە کردنەوەی خول دەتوانێت ساڵی داهاتوو چەند خولێک بکەینەوە لە رووی ئەدەبی کوردی و مێژووی کوردی و رۆژنامەگەری کوردی، هیوای هەرە گەورە ئەوەیە کە یارمەتی و پشتگیرییەکی باشمان هەبێت، ئێمە بەیەکەوە ماوەی هەشت مانگە کار بۆ ئەم فێستیڤاڵە دەکەین، بەداخەوە تاوەکو ئێستا نەمانتوایوە پشتگیری گەورە لە رووی دەوڵەتەوە یان لە رووی دامەزراوە کانی دیکەوە بەدەست بێنین، من دەڵێم تاوەکو ئێستا فێستیڤاڵەکان بەباشی بەڕێوەچوون لە چوار ساڵی رابردوو، دڵنیام بۆ ساڵانی داهاتوو زۆر باشتریش دەبێت".
بارانی زۆر بەخوڕ بووە هۆی کۆتاییپێهێنانی فێستیڤاڵەکە، هەموو ئامادەبووان چوونەماڵەوە، لە ئەڵمانیا ئاوایە بێگومان مرۆڤ هیچ کات نازانێت کە کەشوهەوا چۆن دەبێت، باران دەبارێت یان نا؟