لە تاران کۆنسێرتی عەلی ئەکبەر مورادی هەڵوەشایەوە
رووداو- تاران
هێزەکانی پۆلیسی ئێران رێگەیان نەدا کۆنسێرتی میوزیکژەنی ناسراوی کورد، عەلی ئەکبەر مورادی لە شاری تاران بەڕێوەبچێت.
پێشتر بڕیاربوو پێنجشەممەی داهاتوو لە هۆڵی فەرهەنگسەرای ئەرەسبارانی تاران، کۆنسێرتێکی تاکەکەسی بۆ ژەنیاری بەنێوبانگی تەموورە، عەلی ئەکبەر مورادی سازبكرێت، بەڵام رۆژی دووشەممە 14 ی ئەیلوول، بەرپرسی بەشی میوزیکی فەرهەنگسەرای ئەرەسباران رایگەیاند، چەندینجار بۆ بەڕێوەبردنی کۆنسێرتی عەلی ئەکبەر مورادی داوای مۆڵەتیان لە بەشی ئەماکنی هێزەکانی پۆلیس کردووە، بەڵام مۆڵەتیان پێنەداون.
بەرپرسی بەشی میوزیکی فەرهەنگسەرای ئەرەسباران راشیگەیاند كە جگە لە هۆڵەکانی سەر بە وەزارەتی کولتوور و ئیرشادی ئیسلامی، دەبێ بۆ بەڕێوەبردنی کۆنسێرت لە هۆڵەکانی دیکە مۆڵەت لە پۆلیس وەربگیرێت و بەشی ئەماکنی پۆلیس بۆ پێدانی مۆڵەت لایەنی کەم یەک ملیۆن تمەن پارە وەردەگرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە کە چەند مانگێك پێش ئێستا، گوتەبێژی وەزارەتی کولتوور و ئیرشادی ئێران رایگەیاندبوو پۆلیس مافی ئەوەی نییە پێش بە بەڕێوەچوونی کۆنسێرتەکان بگرێت و تەنیا دەبێ بۆ دابینکردنی ئاسایش کۆنسێرتەکان هاوکاری وەزارەتی کولتوور بکات، بەڵام لەو کاتەوە هێزەکانی پۆلیس پێشیان بە بەڕێوەچوونی چەندین کۆنسێرت لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان گرتووە.
عەلی ئەکبەر مورادی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی کۆنسێرتەکەی بە میدیاکانی ناوخۆی ئێرانی راگەیاندووە، تەنیا دەتوانێ بەداخ بێت کە دوای 30 ساڵ ئەو وڵاتە بەرەو کوێ دەچێت. هەروەها گوتوویەتی ئەگەر بەشی ئەماکنی پۆلیس بەرپرسی بەڕێوەبردنی کارە هونەرییەکانە، ئەدی وەزارەتی کولتوور لە ئێران چ کارەیە.
عەلی ئەکبەر مورادی ساڵی 1336ی هەتاوی لە گوندێکی شاری داڵاهۆی کرماشان لەدایکبووە. لە منداڵییەوە تەموورەی ژەنیوە و لە تەمەنی 15 ساڵی یەکەمین گرووپی تەموورەی کرماشانی دامەزراندووە. 72 مەقامی کۆنی تەموورەی کۆکردوونەتەوە و لەلایەن خانەی کولتووری جیهان لە پاریس بڵاوکراونەتەوە.