تابلۆیەکی ڤان کۆخ کە بەهاکەی 81 ملیۆن دۆلارە بە ئاوەتەماتە 'دەشێوێندرێت'


رووداو دیجیتاڵ 

دوو کچە چالاکڤان لە گەلەریی نیشتیمانیی لەندەن دەچنە بەردەم شاکارێکی هونەریی ڤان کۆخ و ئاوەتەماتەی تێدەگرن کە مێژووەکەی 134 ساڵە.
 
فیبی پلەمەری تەمەن 21 ساڵ و ئانا هۆڵاندی تەمەن 20 ساڵ دوو کچە چالاکڤانی بواری ژینگەی بەریتانیان کە بە "چالاکییە سەرنجڕاکێشەکانیان" ناسراون.
 
رۆژی هەینی، 14ـی تشرینی یەکەمی 2022، ئەو دوو کچە چالاکڤانە چوونە بەردەم تابلۆی 'گوڵەبەڕۆژەکان'ـی ڤینسێنت ڤان کۆخ، هونەرمەندی نیگارکێشانی هۆڵەندی و ئاوەتەماتەیان لە تابلۆکە گرت، کە نرخەکەی بە 81.55 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت و مێژووی کێشانیشی بۆ ساڵی 1888 دەگەڕێتەوە.
 
هیچ کارمەندێکی سیکیوریتی رێگرییان لەو دوو چالاکڤانە نەکرد؛ لە گرتە ڤیدیۆییەکدا دەردەکەوێت کە فیبی دەڵێت: "چی گرنگترە، هونەر یان ژیان؟ چی لە خۆراک بەبەهاترە؟ چی لە دادپەروەری بە بەهاترە؟ ئایا ئێوە بایەخ بە پاراستنی وێنەکێشان دەدەن یان پاراستنی هەسارە و خەڵکی خۆمان؟" دەشڵێت: "ملیۆنان" کەس لە وڵاتەکەیدا توانای کڕینی سووتەمەنییان نییە. 

 

 
ئانا هۆڵاند باس لە بژێوی خەڵکی و کەمیی سووتەمەنی لە بەریتانیا دەکات و دەڵێت: "لەم زستانەدا، خێزانەکانی بەریتانیا ناچاردەبن لەنێوان خۆگەرمکردنەوە و خواردن، یەکێکیان هەڵبژێرن." 
 
جەست ستۆپ ئۆیل، گرووپێکی چالاکڤانی بواری گۆڕانی کەشوهەوان و لە خۆپێشاندانەکان و ناڕەزایەتییەکانیاندا داوا لە حکومەت دەکەن مۆڵەتی گەڕان و دەرهێنانی گاز نەبەخشن و هۆکارەکەشی بۆ پیسبوونی ژینگە دەگەڕێننەوە و دەڵێن، پیسبوونی ژینگە دەبێتە هۆی گۆڕانی کەشوهەوا و بەوەش تادێت وڵاتەکەیان "رووبەڕووی زستانی سەختتر دەبێتەوە." 
 
هەفتەی رابردوو، پۆلیسی بەریتانیا رایگەیاند کە سەروو 100 کەسیان دەستبەسەرکردووە، کە چالاکییان لە چوارچێوەی ئەو گرووپەدا کردووە.