عەمار کوڤی: گرێبەستم لەگەڵ MBC واژۆکردووە

رووداو- هەولێر

عەمار کوڤی، بەشداربووی بەرنامەی عەرەب ئایدڵ رایگەیاند، کە گرێبەستێکی لەگەڵ کەناڵی MBC بۆ ئاهەنگگێڕان واژۆکردووە.

عەمار کوڤی، کە تاکە کوردی بەشداربووی عەرەب ئایدڵ بوو، لە میانی بەشداریکردنی لە هەواڵەکانی "کاژێر 8"ـی رووداو، سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، کە "بەم بارودۆخە خراپەی تێیکەوتووە، هاوکاریی منیان کرد".

کوڤی لەبارەی پلانی داهاتووی رایگەیاند، کە بە نیازە چەند گۆرانییەکی کوردی و عەرەبی تۆمار بکات و بڵاویبکاتەوە.

ئەو بەشداربووەی عەرەب ئایدڵ باسی لەوەکرد، کە داوەرانی بەرنامەکە، "منیان خۆشدەویست و دەیانویست بگەمە قۆناخی کۆتایی"، هاوکات ئاماژەی بەوەکرد، کە لیژنەی بەرنامەکە "تووشی شۆکبوون" بە بڕیاری بەڕێوەبەرانی کەناڵەکە بە دوورخستنەوەم لە بەرنامەکە.

عەمار کوڤی وێرای هیوای چاکبوونەوە خواستن بۆ بریندارانی پێشمەرگە، کە بەهۆی شەڕی چەکدارانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) برینداربوون، رایگەیاند، "سەری رێز بۆ شەهیدەکان دادەنوێنم".