خەڵاتی نێ درایە دوو هاونیشتمانی خەڵکی مەریوان

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەم ساڵیش خەڵاتی نێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان دابەشکرا و بە دوو هاونیشتمانی خەڵکی مەریوان درا.
 
ئەمڕۆ شەممە، 15ی ئاداری 2025، ئەندامێکی ئەنجوومەنی ئەدەبی مەریوان بە رووداوی راگەیاند: "ئێوارەی دوێنی، رێوڕەسمی ساڵانەی بەخشینی خەڵاتی نێ لە شارۆچکەی نێ سەر بە شاری مەریوان لە پارێزگای سنە بەڕێوەچوو".
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی ئەدەبی مەریوان گوتی: "خەڵاتەکە درایە ناجی کانی سانانی، نوێنەر و ئەندامی ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان و دکتۆر مەحموود مبارەکشاهی، ئەندام و نوێنەری ناوەندی ڤەژین لە مەریوان".
 
پار یەکەمین ساڵ بوو خەڵاتەکە دابەش بکرێت. خەڵاتەکە دەبەخشرێتە ئەو کەس، ناوەند و لایەنانەی خزمەتێکی بەرچاو بە خاک، نەتەوە و نیشتمان دەکەن و جێ پەنجەیان لە مەریوان و کوردستان دیارە.
 
ئەم ساڵیش بە ئامادەبوونی خەڵکێکی زۆر خەڵاتەکە دابەش کرا.
 
پار وەک یەکەم ساڵ ئەو خەڵاتە بەخشرایە ئەنوەر رەوشەن، نووسەر و چالاکڤانی مەدەنی مەریوان.