بەفەرمی ترایلەری فیلمی باتمان لە دژی سوپەرمان بڵاوکرایەوە

  رووداو - هەولێر

زۆرن ئەوانەی شەیدای هەردوو کەسایەتیی فیلمە سینەماییەکانی باتمان و سوپەرمانن، سینەمای هۆڵیوود لە فیلمێکدا ئەو دوو کەسایەتییە رووبەڕووی یەکتر دەکاتەوە و جەماوەری ئەو دوو کەسایەتییە لەم بەرهەمەدا کۆدەکاتەوە.

فیلمی "باتمان لە دژی سوپەرمان: بەرەبەیانی دادپەوەری" کە زاک سنایدەر کاری دەرهێنانی بۆ کردووە، لە 23 مارسی 2016 لە هۆڵە سینەماییەکانی جیهاندا نمایش دەکرێت.

لەم فیلمەدا بێن ئافلیک رۆڵی باتمان و هێنری کافێل رۆڵی سوپەرمان دەگێڕن و رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، ئەمەش وایکردووە کە هەوادارانی ئەو دوو کەسایەتییە لە کاتی سەیرکردنی ئەم فیلمەدا ببن بە دوو بەرە و هەریەکەیان پاڵپشتی پاڵەوانەکەی خۆی دەکات.   

بەم دواییە ترایلەری فیلمەکە بە فەرمی بڵاوبۆتەوە و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکدا زیاتر لە 13 ملیۆن کەس بینەری بووە،   

شاری جۆسام، ئەو سارەیە کە لە فیلمەکە خاوەنی دوو پاڵەوانە: سوپەرمان و باتمانە، دواجار خەڵکەکەی بڕیار لەسەر یەکێک لەو پاڵەوانانە دەدەن بۆ ئەوەی لەم سەردەمەدا دووبارە مرۆڤایەتی لە مەترسییەکی گەورەی چاوەڕواننەکراو رزگار بکاتەوە. 

جگە لە هێنری کافێل و بێن ئافلیک، هەریەک لە گال گادۆت، جايسۆن مۆموا، ئێمی ئادامز و جينا مالون لەم فیلمەدا رۆڵدەگێڕن.

زنجیرە فیلمەکانی "باتمان" و "سوپەرمان" تا ئێستا بەجیا چەندین بەشیان لێ بەرهەمهاتووە و داهاتی زۆریان لەسەر ئاستی جیهاندا بەدەستهێناوە، پێشبینی دەکرێت لەم فیلمە نوێیەدا کە بە یەکەوە رۆڵدەگێڕن، داهاتێکی زۆر بۆ کۆمپانیای بەرهەمهێنەر "وۆرنەر برازەرز" مسۆگەر بکەن.