دەرهێنەرێکی ئێرانی خەڵاتی ورچی زێڕینی فێستیڤاڵی بەرلینی بردەوە


رووداو - هەولێر


دەرهێنەری ئێرانی جەعفەر پەناهی توانی بۆ فیلمی (تەکسی) خەڵاتی ورچی زێڕینی فێستیڤاڵی فیلمی بەرلینی ئەمساڵ بباتەوە. لەو فیلمەدا پەناهی خۆی رۆڵی شۆفێر تەکسییەکە دەبینێت، کە لەگەڵ هەموو گەشتیارەکانی خۆیدا قسە دەکات.

پەناهی کە لە ساڵی ٢٠١٠ەوە بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە لە دژی رژێمی ئێران" مافی دەرچوون لە ئێرانی لێ سەندراوەتەوە، خۆی نەیتوانی لە مەراسیمی وەرگرتنی خەڵاتەکەدا بەشداربێت، هەر بۆیەش خزمێکی پەناهی بەناوی ئەوەوە ئامادەی مەراسیمەکە بوو. پەناهی هەروەها بۆ ماوەی بیست ساڵ مافی بەرهەمهێنانی فیلمی نییە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا لەسەر کاری هونەری خۆی بەردەوامە.

لە فێستیڤاڵی ئەمساڵیدا ١٩ فیلمی عەرەبی نمایشکران، کە بەشی هەرە زۆریان لە بڕگە ناسەرەکییەکانی فێستیڤاڵەکەدا بوون. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناوەندی سینەمای عەرەبی (ACC) دەیەوێت پرۆفایلی خۆی لەم فێستیڤاڵەدا بەرز بکاتەوە.

یەکێک لە فیلمە عەرەبییە بەشداربووەکانی ئەم بەشە لە فێستیڤاڵ فیلمی دۆڵە لە دەرهێنانی غەسان سەلهاب، کە بووە جێگەی سەرنجی بینەران و رەخنەگەران. ئەم فیلمە لە لایەن رەخنەگرانەوە بە فیلمێکی توندوتیژ وەسفدەکرێت, کە لەم رێگەیە دەیەوێت کاریگەری لەسەر تێڕوانینی بینەر بۆ جەنگ دابنێت.

فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین یەکێک لە سەرەکیترین فێستیڤاڵەکانی جیهانە، کە بۆ ماوەی دوو حەفتە بەردەوام دەبێت و لە جۆری خۆیدا بە فێستیڤاڵی دەستپێکی ساڵ دەزانرێت و هەموو فێستیڤاڵەکانی دیکە بە دوای ئەودا دەستپێدەکەن.